سه‌یید هاشم هیدایه‌تی و
چه‌ند سه‌رنجێک!؟
• ئه‌رسه‌لان عه‌زیزی
azizi61615@yahoo.com
www.syasang.blogspot.com
به‌شی دووه‌م؛
خوێنه‌ری به‌ڕێز!
پێویسته بڵێم؛ که به‌شی یه‌که‌می ئه‌م وتاره سه‌ره‌تا، له ماڵپه‌ڕی بۆ رۆژهه‌ڵاتدا بڵاو بووه‌وه که هه‌ندێ کێشه‌ی نه‌خوازراویشی لێکه‌وته‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاره‌که‌وه، به‌داخه‌وه ماڵپه‌ڕی ناوبراو له‌به‌ر چه‌ند سه‌رنجێکی ورد، خۆی کرده موخاتبی سه‌ره‌کی نووسراوه‌که و ته‌نانه‌ت بیرووڕای یه‌کێک له خوێنه‌رانی ئه‌و وتاره و به‌شێک له قسه‌کانی هیدایه‌تیشی خسته پاڵ من و به‌م شێوه‌یه، بیروڕای خوێنه‌رانی بۆ لای کێشه‌یه‌کی جیاواز له رۆحی سه‌ره‌کی زاڵ به سه‌ر وتاره‌که‌ی مندا راکێشا و ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌ی که گوایه به بیانووی له ژێر پێنانی دیسیپلئنی ماڵپه‌ڕه‌که‌یان زۆر به په‌له، وتاره‌که‌یان سڕییه‌وه و دواتر دایاننایه‌وه، له روونکردنه‌وه‌یه‌کی کورت‌دا نووسییان: ئه‌و بابه‌ته به هۆی ئه‌وه له ماڵپه‌ڕی تریشدا بڵاو کرابۆوه، سه‌ره‌تا له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ریی بۆرۆژهه‌ڵاته‌وه لابردرا به‌ڵام چونکه رووی له بۆرۆژهه‌ڵاته، ده‌سته‌ی نووسه‌ران هاته سه‌ر ئه‌م بڕوایه که دابندرێته‌وه ..." له حالێک‌دا قه‌ت وانه‌بوو. ره‌هه‌ندی سه‌ره‌کی ئه‌و وتاره، وه‌ک خوێنه‌رانیش ده‌توانن بۆ خۆیان قه‌زاوه‌ت بکه‌ن، نووسراوه‌که‌ی سه‌یید هاشم هیدایه‌تی و ره‌وتی ئیسلامی سیاسی له کوردستاندایه که بریار بوو به چه‌بد حه‌ڵقه له‌و ماڵپه‌ره‌دا بڵاو بێته‌وه. پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم، له ژێر هه‌ردوو وتاره‌که‌دا، واته وتاره‌که‌ی من و ره‌خنه و روونکردنه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕی بۆ رۆژهه‌ڵات، کۆمه‌ڵێک راوبۆچوونی جیاواز له لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه دانرابوو، سه‌ره‌ڕای سپاس و پێ‌زانین بۆ سه‌رنجه‌کانیان، هیوای ته‌مه‌ندرێژییان بۆ ده‌خوازم.
به‌م رسواییه‌وه چ لێبووردنێک !؟ (1)
له کۆتایی به‌شی یه‌که‌می ئه‌م ونووسراوه‌دا باسم له‌وه کردبوو که له درێژه‌ی وتاره‌که‌دا هه‌وڵده‌ده‌م؛ له به‌ر رۆشنایی نووسراوه‌که‌ی سه‌یید هاشم هیدایه‌تی، که له ماڵپه‌ڕی بۆ رۆژهه‌ڵاتدا بڵاو بووه‌وه، ئاوڕ‌یه‌کی خێرا له‌و ره‌وتانه بده‌مه‌وه که به‌گشتی وه‌ک ره‌وتی سه‌له‌فیی، له سه‌رده‌می شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا سه‌ریان هه‌ڵدا و هیدایه‌تیش وه‌ک خۆی ده‌ڵێت؛ له سه‌رده‌مێکی مێژوویی‌دا، ئه‌ندامێکی کارای ئه‌و ره‌وته بووه:
4 ـ لێره‌دا جارێکی دیکه ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه که ئایا گه‌ڕانه‌وه بۆ پاشه‌وه و ره‌خنه‌گرتن له رابردوو پێویسته؟ رابردوو‌یه‌ک که له زه‌مه‌نێکی یه‌کجار به‌رته‌سکدا، وه‌ک هه‌ره‌سێکی به‌سام، به‌شێکی زۆر له وزه و تواناکانی چه‌ند نه‌سڵی کرد به گه‌رووی ئاشدا و بێره‌حمانه له‌ناوی برد! ئه‌کبه‌ر گه‌نجی ده‌ڵێت؛ به‌بێ ره‌خنه له ڕابردوو، رێگای ئایه‌نده هه‌موار ناکرێت. ناوبراو له وتاری "ژنانی گۆنی پۆش و فه‌رهه‌نگی بۆرژوازیدا"(2)، به توندی هێرش ده‌کاته سه‌ر عه‌لی شه‌ریعه‌تی و ده‌ڵێت: " ... که‌س گومانی له‌وه‌دا نییه که گوتاره‌کانی شه‌ریعه‌تی، کاریگه‌ریی گرنگیان له سه‌ر شۆڕشی ئێران‌دا هه‌بووه و ده‌نووسێت: شۆڕش ته‌نیا وه‌ک چرکه مێژووییه‌کانی رووخانی ده‌سه‌ڵاتی پێشوو، له‌به‌رچاو ناگیردرێت. به‌ڵکوو به دوای گۆڕینی سه‌رجه‌م ستروکتۆر و پێوه‌ندییه‌کاندا ده‌گه‌ڕێت" و له درێژه‌دا ده‌ڵێت: "... تێگه‌یشتن له سیسته‌مێک که پاش رووخانی رژیمی پاشایه‌تی جێگیر بوو، به بێگه‌ڕانه‌وه بۆ گوتاره‌کانی ده‌یه‌ی چل و په‌نجا بێسه‌مه‌ره.." گه‌نجی له‌و وتاره‌دا، شه‌ریعه‌تی به بناغه‌داڕێژی تێوه‌ریی حکومه‌تی ئیسلامی ده‌زانێ و له رێگای ده‌ق و گوتاره‌کانیه‌وه، تیشک ده‌خاته سه‌ر ئه‌ندێشه‌کانی ناوبراو و ده‌ڵێت: " شه‌ریعه‌تی، ئازادی و مافی مرۆفی به گاڵته‌ی گه‌وره ده‌زانی"
ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن ده‌ره‌تانی به شه‌ریعه‌تی نه‌دا که ئاسه‌واری تێوه‌رکانی خۆی ببینی، به‌ڵام شاگرده‌کانی ئه‌و به باشی توانیان، ئایه‌ته‌کانی پراکتیزه بکه‌ن و دواتر بکاری بێنن. سی ساڵی رابردوو، که مێژوویه‌کی سامناکی مه‌ترسیداری لێکه‌وتووه‌ته‌وه، ئاکام و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ئه‌ندێشانه‌ن که چوارچێوه‌ی فیکری شه‌ریعه‌تییان له سه‌ر دامه‌زرابوو. هه‌روه‌ک شه‌رێعه‌تی ئایه‌ته‌کانی له سه‌یید قوتبه‌وه وه‌رگرتبوو. ئیسلامگه‌را سیاسییه‌کانی کوردستان و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه که‌سایه‌تی کاریزمای ئه‌و ره‌وته؛ واته ئه‌حمه‌دی موفتی زاده‌ش، که ئه‌م ره‌وته، له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا له سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌دایک بوو؛ شاگردی شه‌ریعه‌تی و موریدی که‌سانێکی وه‌ک عه‌بدو، سه‌یید قوتب و حه‌سه‌ن به‌نا بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌م ماڵوێرانییه‌ی ئێستا، به واتا‌ی گه‌نجی که بۆ خۆشی سه‌رده‌مێک، فه‌رمانبه‌ری ئه‌و ده‌قانه بووه؛ ئاکامی گوتاره‌کانی سه‌یید قوتب و شه‌ریعه‌تین، به‌شێکی زۆر له کوشتار و ماڵوێرانییه‌کانی سه‌ره‌تای شۆڕش له باشووری کوردستانی رۆژهه‌ڵاتدا، ئاکامی ئیجابی ئه‌و خوتبه ئاورینانه بوون که یه‌ک دوو سال به‌ر له شۆڕش له‌لایه‌ن موفتی زاده‌وه، سه‌ره‌تا که‌مایه‌تییه ئاینییه‌کانی وه‌ک به‌هایی و جووله‌که و په‌یره‌وانی ته‌ریقه‌ته ئاینییه سوننه‌کانی داپڵۆسی و ئینجا له سه‌رده‌می شۆرشدا، به‌هێزی شمشێر و خیتابه‌ی توندی ئاینی، دامه‌زرانی حکومه‌تێکی وه‌ک حکومه‌تی خه‌لیفه‌کانی سه‌ره‌تاکانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی، له کوردستاندا کردبووه مه‌به‌ست. به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و خیتابه ئاورینانه و ره‌خنه گرتن له ئه‌ندێشه‌ی زاڵ به‌سه‌ر ده‌زگای فیکریی ئیسلامگه‌را سیاسییه‌کانی کوردستاندا، گه‌یشتن له کێشه‌کان و دیارییکردنی تاوانبارانی سه‌ره‌کی ئه‌و چاخه مێژووییه بێسه‌مه‌ره. خه‌ڵکانێک له هه‌ر دوولا، خۆیان به ئاماره‌کانه‌وه خه‌ریک ده‌که‌ن، و که‌سانیکش به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌یان لێ‌بگرن ساپۆرتیان ده‌که‌ن. ئه‌مه هه‌ڵه و داوێکه که ئیسلامگه‌راکان ده‌یانهه‌وێت و به‌رنامه‌یان بۆی هه‌یه. ئه‌وان ئه‌مڕۆ به بێ ئه‌وه ره‌خنه له رابردووی خۆیان بگرن. له قسه‌دا بوونه‌وته ریفورم خواز و له کێشه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانیشدا به بێئه‌وه‌ی بڕوایان پێبێت، خۆیان به هێزه ره‌سه‌نه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانیش ناگۆڕنه‌وه. ئاغای هیدایه‌تی له وتووێژه‌که‌یدا له گه‌ل خالید محه‌مه‌دزاده، سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قیه، به سیسته‌مێکی گونجاو بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه نازانێت. به‌ڵام ناڵێت سی ساڵ له ته‌مه‌نی خۆی سه‌رفی پارێزگاری له‌و سیسته‌مه کردووه، که حازریش نییه ره‌خنه‌ی قووڵی لێبگرێت. ئه‌گه‌ر ویلایه‌تی فه‌قیه، بونبه‌ستی ئێستای کۆمه‌ڵگا و کوشتاری به کۆمه‌ڵی نه‌یارانی ئه‌و سیسته‌مه‌ی لێکه‌وتووه‌ته‌وه، ده‌بێ ئه‌وه‌ش قه‌بووڵ که‌ین که ئوتۆپیاکه‌ی موفتی زاده و ره‌وتی ئیسلامگه‌رایانی سیاسی، بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات به شێوه‌ی خه‌لیفه‌کانی سه‌رده‌می سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام، هه‌زارجار له ویلایه‌تی فه‌قیه مه‌ترسیدار‌تر و سامناکتره. جیاوازی سیسته‌می ویلایه‌تی موتله‌قه‌ی فه‌قیه له گه‌ل ئۆتۆپیاکه‌ی ئه‌م ره‌وته، له‌وه‌دایه که شاگرده‌کانی شه‌ریعه‌تی توانیان ئه‌و چه‌مکه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا بسه‌پێنن به‌ڵام ئیسلامگه‌راکانی کوردستان سه‌ره‌ڕای خه‌ساره قه‌ره‌بوو نه‌کراوه‌کانی، له‌گه‌ل دژکرده‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌ره‌وروو بوون و تا سه‌قامگیر بوونی کۆماری ئیسلامی له کوردستاندا، به شێوه‌ی فه‌رمی نه‌یانتوانی ئه‌ندێشه‌کانی خۆیان بکه‌ن به گوتاری زاڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا. خه‌ساره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، ئاکامی ئیجابی ئه‌و خیتابانه بوون، که لایه‌نگرانی ئه‌و ره‌وته یان له بنه‌ڕه‌تدا، نایانه‌وێت ئاوڕی لێبده‌نه‌وه یان ئه‌گه‌ریش باسی ده‌که‌ن، به مه‌زڵوومنمایه‌وه، به‌رگێکی موقه‌دده‌سی به‌به‌ردا ده‌که‌ن. موفتی زاده وه‌ک که‌سایه‌تی کاریزمای ره‌وتی ئیسلامی سیاسی، له‌و زه‌مه‌نه مێژووییه‌دا؛ ئه‌گه‌ر شاگردی شه‌ریعه‌تی بوو، به‌ڵام نیشانی دا که به پله‌یه‌کی به‌رچاو له ناوبراو که‌م هۆشتره. شه‌ریعه‌تی به ده‌رککردن به درز و که‌لێنه چینایه‌تییه‌کان و بره‌وی هێزی عه‌داڵته‌خوازی عیلمانی له کۆمه‌ڵگادا، ویستبووی تیزه‌کانی مارکس بکات به‌باڵای ئیسلام دا و له و بواره‌شدا کورت نه‌هێنێ. به‌ڵام که‌سایه‌تی کاریزمای ئیسلامگه‌راکانی کوردستان، نه‌کته‌نیا ئه‌و کاره‌ی نه‌کرد، به‌ڵکوو به تێوریزه‌کردنی پۆپۆلسیمێکی عامیانه ئیسلامی، دوژمنایه‌تییه‌کی بێسنووری له‌گه‌ل به‌شی مودێرن و خوێنده‌واری کۆمه‌ڵگای کوردستانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی، کرده چه‌مکی سه‌ره‌کی بۆ په‌یره‌وانی خۆی و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: "ئینسانێکی بێسه‌وادی بائیمان، باشتره له ئینسانێکی باسه‌وادی بێ ئیمان." (3) و چینی رۆشنبیر و خوینده‌واری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به؛ " سه‌م و مه‌ره‌ز و به‌دبه‌ختی" (4) ده‌زانی و که‌مترین بڕوای به فره‌ده‌نگی و جیاوزی بیرووڕا له کۆمه‌ڵگا دا نه‌بوو. ته‌نانه‌ت له کێشه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانیشدا، که به چه‌پ و نه‌ته‌وه‌خوازه‌وه، هه‌وڵیان بۆ ده‌دا، چووه به‌ره‌ی کۆماری ئیسلامییه‌وه و تابۆیکرا له ئاڵۆزکردنی کێشه‌کاندا به قانزاجی کۆماری ئیسلامی کۆتایی نه‌کرد. کاتێکیش له‌وان ناهۆمێد بوو، نه‌ک ته‌نیا ره‌خنه‌ی له ئاکار و ره‌فتاره‌کانی خۆی نه‌گرت، به‌ڵکوو، رێگای یه‌کخستن و یه‌کیه‌تی موسڵمانه سوننه‌کانی ئێرانی گرته‌به‌ر، که درێژه‌ی هه‌مان خه‌ونی دامه‌زراندنی ویلاتی یه‌کگرتووی ئیسلامی بوو، که وه‌ک ده‌زانین بۆ خۆشی بوو به قوربانی ئه‌و رێگایه. به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌نهه‌جی فیکری ئه‌و چه‌مکه و ئاوڕدانه‌وه له‌و گوتار و په‌یامانه‌ی که له کۆتایی ده‌یه‌ی چل و سه‌ره‌تای ده‌ییه‌ی په‌نجا بانگه‌شیان ده‌کات، ناتوانین له کێشه‌کان بگه‌ین. رازی بوون به گێرانه‌وه‌ی سادده‌ی کاره‌ساته‌کان، ئه‌ویش له کاتێکدا که ئارشیوێکی ئه‌وتۆمان له‌به‌رده‌ستدا نییه، ته‌نیا رێگا بۆ دووپات بوونه‌وه‌ی رووداوه مه‌ترسیداره‌کانی وه‌ک ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌تای شۆڕش خۆش ده‌کات. نابێ و ناکرێت، به بیانوی سه‌رکوته‌کانی رژیم و پێشیلکارییه‌کانی ئه‌و سیسته‌مه‌وه چاوپۆشی له ره‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی لۆژیکی ئه‌و چه‌مک و گوتارانه بکرێت، که کاریگه‌ریی به‌رچاویان به سه‌ر رووداوه‌کاندا هه‌بووه. ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی چل و په‌نجای هه‌تاوی قوربانی یه‌که‌می هاتنه سه‌رکاری سیسته‌مێکی ناسکۆلاری توندئاژۆی ئیسلامی بووه، لانیکه‌م ئه‌و شانسه‌ی به نه‌سیب بووه که ئه‌و به‌هه‌شته به‌ڵێنپێدراوه‌ی ئیسلامیه‌کانیش ببینێ و ته‌جروبه‌ی بکات. هیدایه‌تی و ره‌وتی ریفورمخوازی ده‌وڵه‌تی که به‌بنه‌ما سه‌ر به‌و ره‌وته‌ن، له‌گه‌ل لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کانی تری ئه‌و چه‌مکانه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ ماڵپه‌ڕو لایه‌نی ئۆپوزسیون له ده‌ره‌وه، به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئه‌م چه‌مکه له کام به‌ره‌دا راوه‌ستاوه و چۆن ئه‌ڕوانێته ئێستا و رابردووی پڕخه‌ساری خۆی و بانگه‌شه‌ی چ سیسته‌مێک ده‌کات. باوشی بۆکردوونه‌ته‌وه و ساپؤرتیان ده‌کات.
5 ـ سه‌یید هاشمی هیدایه‌تی به‌م ره‌وته‌وه ده‌ستی پێ‌کرد. به‌ڵام وه‌ک خۆی ده‌ڵێت؛ له کرمانشان له گه‌لیان رێکناکه‌وێت و درێژه‌ی کاره‌کانی به ئاقارێکی تردا ده‌ربازده‌بێت. پاش فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی و هێڕشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی رژیم بۆ سه‌ر کوردستان و سێ مانک شه‌ر و به‌ربه‌رکانێی چه‌کدارانه و مه‌قاومه‌تی خه‌ڵکانی ناوشار، له گه‌ل کوشتاری به کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی گونده‌کانی قارنێ و قاڵاتان و ئیندرقاش و ئێعدامی ده‌یان که‌س له باشترین رۆڵه‌کانی کوردستان و شێواندنی ته‌رمه‌کانیان له شاره‌کانی سنه و سه‌قز و مه‌ریوان و پاوه و کرمانشان که ره‌وتی ئیسلامی سیاسی تاوانباری سه‌ره‌کی ئه‌و جینایه‌تانه‌یه، سه‌رئه‌نجام په‌یامی 26/ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی 1358/ی لێکه‌وته‌وه که به شه‌ڕی شێ مانگه به‌ناوبانگه. به هاتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌کان بۆ ناو شاره‌کان، لایه‌نگرانی کۆماری ئیسلامی به تایبه‌ت له باشووری کوردستان و به زۆری له شاره‌کانی سنه و مه‌ریوان و پاوه و تاراده‌یه‌کیش سه‌قز و دیوانده‌ره، هه‌ڵهاتن و چوونه شاری کرماشان و به‌شێکیشیان رۆشتنه تاران. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا ئاماری ئه‌و که‌سانه‌ی له ژێر ناوی کۆچکردوو (موهاجر) کوردستانیان به جێ هێشت، بلاونه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ک ئاکامی کاره‌ساته‌کان ده‌ری خست، له کاتێکدا نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت له گه‌ل ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی کورد خه‌ریکی وتووێژ بوون، سپای پاسداران له ژێره‌وه خه‌ریکی رێکخستن و سازمان دانی ئه‌و کۆچکردووه کوردانه‌دا بوو، که له کرمانشان و تاران گرسابوونه‌وه. کورده لایه‌نگره‌کانی رژیم که پێشتر له لایه‌ن مه‌کته‌ب قورئانه‌وه که وه‌ک ته‌شکیلاتی ئیسلامگه‌را سیاسییه‌کانی کوردستان ده‌ناسرێت، سازمان ده‌دران و رێکده‌خران، بوونه دوو ده‌سته. تاقمێکیان که به‌شی زۆربه‌ی ئه‌و کوردانه‌ی پێکده‌هێنا و له راستیدا توێژێکی تێکه‌ڵ له کۆنه ساواکی، ده‌ره‌به‌گ و خه‌ڵکی لومپنی ناوشاره‌کان و که‌سانێکی ساکار که له به‌ر پاره یان به هۆی باوه‌ڕی ئاینییه‌وه پێوه‌بووبوون، چوونه ژێر ته‌نزیماتی سپای پاسداران و دواتر سازمانی پێشمه‌رگانی موسڵمانیان بۆ پێک هێنرا، که هاشم هێدایه‌تی وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: بووه به‌رپرسی به‌شی دیوانده‌ره‌ی ئه‌و سازمانه و دوواتر له هێڕشه‌کاندا بوونه که‌واسووری به‌ر هۆردووی دوژمن. ئه‌ندامانی چالاکی ناو ئه‌و رێکخراوه، که‌سانێکی وه‌ک هێدایه‌تی نه‌بێ، نه خۆیان بڕاویان به‌وه بوو که پێشمه‌رگه‌ن و نه بیروڕای گشتی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و ناوه‌ی لێقه‌بووڵکردن. (5) ئه‌وان وه‌ک هه‌موو شۆڕشه ئازادیخوازه‌کانی دونیا، که‌سانێکی به‌کرێگیراو بوون که خه‌یانه‌تیان به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نیشتمانه‌که‌یان کردووه و مێژووه‌یه‌کی پرله‌تاوانیان بۆ خۆیان تۆمارکردووه. به‌شه‌که‌ی تری که به زۆری مه‌کته‌بییه‌کان و موخلسه‌کانی موفتی زاده بوون، که‌وتنه به‌ر غه‌زه‌بی سپا و به شێنه‌یی، هه‌موو به‌رپرسایه‌تییه‌کانیان لێسه‌ندرایه‌وه و له ئاکامدا پاش هێڕشی سه‌رانسه‌ری له جۆزه‌ردانی 1359/ی هه‌تاویدا و داگیرکردنه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له ناوچه ئازاد کراوه‌کانی کوردستان، له نیوه‌ی دووه‌می ئه‌و ساڵه‌دا، هێڕشیان کرایه سه‌ر و زۆربه‌یان ده‌ستگیر و بوونه هاوبه‌ندی ژماره‌یه‌کی زۆر له موخالفینی سیاسی خۆیان، که له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دا راگیرابوون.(6) (ئه‌م قۆناغه له مێژووی سیاسی خه‌ڵکی کوردستان و به تایبه‌تی چۆنیه‌تی ژیانی موفتی زاده‌کان و ئه‌ندام و لایه‌نه سیاسییه‌کان له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دا، تا ئێستا ئاوڕێکی ئه‌وتۆی لێنه‌دراوه‌ته‌وه.) کورده کۆچکردووه‌کان به باڵی مه‌کته‌ب قورئانیشه‌وه بۆ هێڕشی سه‌رله‌نوێ کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کوردستان زۆر به په‌له بوون. ئه‌وان پێیان وابوو ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان، ده‌توانن له پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان، بۆ زالبوون به سه‌ر ئیراده‌ی به‌شێک له حاکمانی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو که ئه‌وانی وه‌لانابوو که‌ڵک وه‌ربگرن. له‌واقعدا سپای پاسداران ئه‌وانی وه‌ک که‌ره‌سته‌ی فشار بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی کاتی بازرگان، به‌کار ده‌هێنا.
سه‌رئه‌نجام رژیم ده‌ستی به‌سه‌ر کوردستاندا گرت. له‌و کاته‌وه تا ئێستا 28 ساڵ تێده‌په‌ڕێت. که مێژوویه‌کی سامناکی پڕکاره‌سات و خوێناوی لێکه‌وتووه‌ته‌وه. له 30 ساڵی رابردوودا، هێدایه‌تی و به‌شێکی زۆر له که‌سانی سه‌ر به ره‌وتی ریفورمخوازی ده‌وڵتی، له گه‌ل ره‌وتی رووداوه‌کاندا، له سه‌نگه‌ره جۆربه‌جۆره‌کانی رژیمدا دژ به گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یان راوه‌ستاون و جینایه‌تیان کرد.
سه‌یید هاشم هیدایه‌تی، له وتووێژه‌که‌ی له گه‌ل به‌رێز محمه‌دزاده‌دا، به بێ ئه‌وه‌ی پێ له نه‌خشی ره‌وتی ئیسلامگه‌رای سیاسی کوردستان له‌و جینایه‌تانه‌دا بنێ، ره‌خنه له کاره‌ساته‌کانی قارنێ و قاڵاتان و ئینده‌رقاش و ئێعدامه‌کانی هاوینی 58/ی هه‌تاوی ده‌گرێ. به‌ڵام کاتێک دێته سه‌ر مێژووی پاش هێڕشی دووه‌م و داگیرکردنی دووباره‌ی کوردستان که نه‌خشی ئه‌و، نه‌خشێکی که‌م بایه‌خ و سادده نییه و قووڵای برینه‌کان و به‌رینایی جینایه‌ته‌کان له گه‌ل یه‌کدی، به‌راوه‌رد ناکرێن، جۆرێک باس له‌و مێژووه ده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شی کردبێت، ئه‌وه باروودۆخ و هه‌لومه‌رجی ئه‌و سه‌رده‌مه و به‌تایبه‌ت گوشاری هێزو لایه‌نه سیاسیه‌کان ئه‌و پێویستییه‌یان بۆ ئه‌و ره‌خساندووه! راسته ماوه‌یه‌کی زۆر له سه‌ره‌تاکانی شۆڕش و شه‌ر و هێڕشه‌کانی رژیم بۆ سه‌ر کوردستان و ئێعدامی به کۆمه‌ڵی گه‌نجان و مێرمنداڵان و تاڵانی ماڵی خه‌ڵک و ته‌بعید و دوورخستنه‌وه‌ی ده‌یان و سه‌دان بنه‌ماڵه بۆ شاره دوورده‌سته‌کان و ده‌رکردنی هه‌زاران مامۆستا و مووچه‌خۆری دایه‌ره‌کان و به گشتی فه‌لج کردنی کۆمه‌ڵگا و پڕکردنه‌وه‌ی شوێنی ئه‌وان به خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار و کۆلکه مه‌لا و فه‌راهه‌رم بوونی زه‌مینه‌ی بوون به دوکتور و ئوستاد و چی و چی که خه‌ڵک ده‌زانن چۆن سه‌رکه‌وتوون و چۆنیان خوێندووه و چۆن بوونه‌ته ئوستاد!تێپه‌ر بووه. به‌ڵام به‌رێز هیدایه‌تی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و، نابێت پێیان وابێت؛ حافیزه‌ی گشتی ئه‌و مێژووه تا سه‌ر ئێسقان زخماره‌ی (7) له‌بیر چووه‌ته‌وه! بۆیه به بێگه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو و هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌رده له سه‌ر ئه‌و چاخه مێژووییه، که تاوان و پێشێلکارییه‌کانی ماڤی مرۆڤی تێدا گه‌شتبووه لووتکه‌ی هه‌ربه‌رزی خۆی، ناکرێت رێگای ئایه‌نده هه‌موار بکرێت. (8)
6 ـ به‌شێک، گه‌رچی به به‌راوه‌رد له‌گه‌ل ئۆپوزسیونی رژیم قورساییه‌کی ئه‌وتۆی له‌ناو کێشه‌کاندا بۆ وێنا ناکرێت، به‌ڵام بێ مه‌یل نییه به بوونی کۆماری ئیسلامیشه‌وه بگه‌ڕێته‌وه ناوخۆی وڵات و کاری سیاسی هێمنانه ده‌ستپێبکات هیدایه‌تیش ئاواتی ئه‌وه ده‌رده‌بڕێ که " سه‌رئه‌نجام له ناو حاکمیتدا که‌سانێکی چاونه‌ترس و له‌خۆبرده هه‌ڵکه‌ون که هه‌لومه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانی سیاسی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، که خوازیاری تێکۆشانی به‌بێ چه‌ک و ئاشتی خوازانه‌ن؛ خۆش بکه‌ن." (9) ئه‌گه‌ر چی لایه‌نگرانی ئه‌م تێزه له هه‌ردوو لا چ ئه‌وانه‌ی ناوه‌وه و چ لایه‌نگرانی ده‌ره‌وه‌یان، تا ئێستا جگه له چه‌ند کۆبوونه و سمینارێک گه‌ڵاڵه‌کانیان بۆ ئه‌م پێویستییه نه‌خستووه‌ته به‌رچاوی بیرووڕای گشتی، به‌ڵام ئه‌و رێگایه، بووه‌ته باوه‌ڕی ئه‌و که‌سانه و به رێگایه‌کی گونجاوی ده‌رباز بوون له هه‌لوومه‌رجی ئێستای قیرانه‌کانی کوردستانی ده‌زانن. تا چه راده‌یه‌ک ئه‌م به‌شه له ئۆپۆزسیون جیدی بن له‌م بۆچوونه‌کانیاندا، رووداوه‌کانی دووایی و خۆده‌رخستنی زیاتر نیشانی ده‌دات. به‌ڵام ئایا به راستی وه‌همی درێژه‌ی کاری سیاسی نه‌به‌ستراوه له ناوه‌وه، سه‌ره‌ڕای بوونی کۆماری ئیسلامی و پاش 30 ساڵ ئه‌زموون و ته‌جره‌به‌ی جۆربه‌جۆر له‌و بواره‌دا هه‌ر به‌ڕاستی ده‌ره‌تانی روودان و خۆده‌رخستنی هه‌یه!؟
(ته‌واو)
سه‌رچاوه:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1ـ ئه‌م سه‌ردێره ناوی کتێبێکی به‌ڕێز ئیبراهیم یونسییه؛ (با این رسوایی چه بخشایشی) که وه‌ک له وتاره‌کدا ده‌بینن پێوه‌ندی به نێوه‌رۆکی ئه‌م باسه‌وه نییه و بۆ مه‌به‌ستێکی جیاواز که‌ڵکم لێوه‌رگرتوه.
2 ـ ژنانی گۆنی پۆش و فه‌رهه‌نگی بۆرژوایی / ئه‌کبه‌ر گه‌نجی ماڵپه‌ره ئینترنتییه‌کان، به فارسی.
3ـ سوخه‌نڕانی ئه‌حمه‌د موفتی زاده له مزگه‌وتی دارسێرانی مه‌ریوان له ساڵی 1356/ی هه‌تاوی/ هێڕش بۆ سه‌ر به‌هاییه‌کان / ماڵپه‌ڕیی مه‌کته‌ب قورئان.
4 ـ هه‌مان سه‌رچاوه.
5ـ خه‌ڵکی کوردستان، وشه‌ی (جاش) بۆ پێشمه‌رگه موسڵمانه‌که‌ی به‌رێز هیدایه‌تی بکار دێنی. کلتووری عامیانه، له کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراودا که ده‌ره‌تانی ده‌ربڕینی ئازادانه‌ی روانگه‌کانی تێدا نییه، سه‌رچاوه‌یه‌کی باش و جێ متمانه‌یه بۆ لێکۆڵینه‌وه مێژووییه‌کان. له‌م باره‌دا نه‌قلێکتان بۆ ده‌گێرمه‌وه: کابراێه‌کی گوندی به کوڕه، ده دوازده ساڵانه‌که‌ی ده‌ڵێت: رؤڵه ئه‌و چه‌کدارانه‌ی دێنه ماڵمان دوو جۆرن. هه‌ندێکیان گورج و گۆڵن و جل و به‌رگی یه‌کده‌ستیان له‌به‌ر دایه، ئه‌وانه پێشمه‌رگه‌ن. ده‌سته‌یه‌کی تریش پاش ئه‌وان دێن که دوو جۆرن. تاقمێکیان جلی کوردی و تاقمێکیشیان به‌رگی فارسیییان له به‌ردایه.به‌وانه ده‌ڵێن جاش. به‌ڵام ئامان سه‌د ئامان ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی دووه‌م هاتنه ماڵمان، به هێچ کلوجێک ناوی جاش به زمانتدا نه‌ێت. ئه‌گینا ده‌مانگرن و لێمان ده‌ده‌ن و ده‌مانخه‌نه زیندان. کوڕه ده‌ڵێت: ئه‌ی بڵێم چی؟ بابی کوڕه‌ی ده‌ڵێت: بڵێ پێشمه‌رگه موسڵمان! ئه‌م کابرایه که‌رێکی مێچکه‌شی ده‌بێت که له رۆژ و مانگی خۆیدا ده‌بێت بۆ زایین و ئه‌مه‌ش له‌لای خه‌ڵکی گوند خۆش یومن و پێ به‌خێره. رۆژێک کوڕه ده دوازده ساڵانه‌که‌ی ئه‌م پیاوه وه‌ک هه‌میشه ده‌چێته ته‌وێڵه‌ی که‌ره‌که و ده‌بینێ (جاش)ێکیبووه. خێرا به پله‌کانه‌ی ماڵه‌که‌یاندا سه‌رده‌که‌ێت تا ئه‌م هه‌واڵه خۆشه به باوکی بڵێ و مزگێنی وه‌رگرێت. کاتێک درکه‌ی دیوه‌که ده‌کاته‌وه ده‌بینێ، تاقمێک جه‌کدار له‌وانه‌ی ده‌سته‌ی دووه‌م له ماڵه‌که‌یاندا دانیشتوون. کوڕه‌که ئامۆژگارییه‌که‌ی بابی دێته‌وه یاد و ده‌په‌شۆکێ و هیچی بۆ ناوترێ. بابی کوره‌که ده‌ڵێ: چ بووه رۆله چ بووه. کوره‌که سه‌یرێکی چه‌کداره‌کان ده‌کات و ده‌ڵێ: که‌ره‌که پێشمه‌رگه موسڵمانێکی بووه!
6 ـ مارکس ده‌ڵێت؛ مێژوو دوو جار دووپات ده‌بێته‌وه، جارێک به شێوه‌ی تراژیک و جاری دووه‌م کۆمیک!
7ـ وشه‌یه‌کی ئه‌رده‌ڵانییه، به مانای زامار و بریندار بکار دێت.
8 ـ هه‌وڵئه‌ده‌م له داهاتووێه‌کی نزیکدا له‌م باره‌وه زیاتر بنووسم.
9 ـ ماڵپه‌ڕی بۆ رۆژهه‌ڵات/ سه‌یید هاشم هیدایه‌تی.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر