جمعه، دی ۲۷، ۱۳۹۸

مەریوان، لە ژێە سێبەری داربەڕووەکاندا

مەریوان، لە ژێە سێبەری داربەڕووەکاندا(١)

• ئەرسەلان عەزیزی

   مەریوان، لە ژێر سێبەری داربەڕووەکاندا؛ ((Marivan unter den Kastanienbäumen ناوی رۆمانێکی نوێیە، کە رۆژی ١١/ی گوڵان بە زمانی ئاڵمانی هاتە ناو بازاڕی کتێبی ئەو وەڵاتەوە.  رەنگە ئەمە یەکەم جار و یەکەم رۆمان بێت کە لە لایەن کوردێکی رۆژهەڵاتەوە، بە زمانی ئاڵمانی چاپ و بڵاو بووبێتەوە. رۆمانەکە لە قەوارەی رقعی و لەسەر یەک ٤٤٧ لاپەڕ دەگرێتە خۆی و لە لایەن چاپەمەنی ئنگەلسدۆرفەرەوە،  لە شاری لایپزیک،(Engelsdorfer Verlag Leipzig) لە چاپ دراوە. رووبەرگی کتێبەکە کاری خاتوو ئینگرید هەرزینگەر/ە (Ingrid Herzinger)  و پشتبەرگەکەی کە وێنەیەک لە ئۆردووگای کانی میران(٢) نیشان دەدات؛ لە لایەن هونەرمەند، کاک مەنسوور سیدقی/یەوە کێشراوە. نووسەری ئەم رۆمانە،  کاک حوسێن ئیزەدی/یە کە بۆ خۆی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری مەریوان لە دایک بووە. 
    رۆمانی مەریوان، لە ژێر سێبەری داربەڕووەکاندا، لە راستی دا بەجۆرێک ئاوتۆبیوگرافی(Autobiografie )نووسەر و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوبراو، هەر لەسەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی و گەنجییەتییەوە، هەتا هاتنی بۆ هەندەران دەگرێتە خۆی.  نووسەر لەم رۆمانەدا هەوڵی داوە ژیانی خۆی لەگەل رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو چاخە مێژوویەدا گرێبدا و لەیەکیان هەڵپێکێ. بە جۆرێک کە خوێندنەوەی رۆمانەکە تام و جێژێکی تایبەت دەبەخشێتە خوێنەر و لەگەل رەوتی رووداوەکان دەیباتە پێش و ماندووی ناکات.  نووسەر لە پێشەکی ئەم رۆمانەدا، سەبارەت بە هۆی نووسینی رۆمانەکەی دەنووسێت: (... بەم رەستانە و بە پەنابردن بۆ رابردوو هەوڵدەدەم لەرێگای بیرەوەرییەکانمەوە، ئەزمونەکانم لە ژیان، بۆخۆم  و کوڕەکەم بنووسمەوە؛ هەتا بەم شێوەیە رووداوەکانمان لەبیر نەچنەوە. بیرەوەری ئەو دڵڕەقیانەی کە ئێمە تەجروبەمان کرد و هەر بەو هۆیەوە دەبوو چالاک و هەڵسووڕ بین و خۆمان و خەڵکەکەمان بپارێزین. پاش ئەم رووداوە مێژوییانەی ئێمە، هەست دەکەم کوردگەلێکی یەکجار زۆرتر، کە زۆربەیان چیرۆکگەلێکی خەمهێنەریان بۆ خۆیان تۆمار کردووە؛ بەم جیهانە بەرینەدا پرژوبڵاو بوونەتەوە و لە وەڵاتانی دیکەدا گرساونەتەوە... وەرگێر بۆ کوردی/  ئەرسەلان)
    رۆمانەکە بە زمانی ئاڵمانی نووسراوە. نووسەر، هۆی هەڵبژاردنی زمانێک جگە لە زمانی دایکی خۆی بۆ نووسینی رۆمانەکەی، دەگێڕێتەوە بۆ ئەو هەڵاواردن و بێماڤاییە قووڵانەی کە نەتەوەکەی تووشی بووە و بە هۆی ئەو رەهەندەوە، دەسەڵاتی نووسینی بەسەر زمانی دایکیی خۆیدا نەشکاوە. بە بێ ئەوەی بمانەوێت، هیچ چەشنە هاوشیوەیی و هاوکێشییەک لە نێوان نووسەرانی جێی ئاماژەدا درووست بکەین. دەتوانین بە راشکاوی بڵێن کە نووسین بە زمانێک جگە زمانی دایکی، چەمکێکی نوێ و تازە کەشفکراو نییە. بۆێی بە دڵنیاییەوە دەتوانیین بڵێین کە لە لەم بوارەدا نووسەری رۆمانی، مەریوان لە ژێر سێبەری داربەڕووەکاندا، یەکەم کەس نییە کە رۆمانەکەی بە زمانێک جگە لە زمانی دایکی خۆی نووسیوە. بێجگە لەو کوردانەی کە بە زمانی دراوسێ داگیرکەرەکانیان دەنووسن یان خاوەن بەرهەمی لە چاپ دراون کە لێرەدا مەبەستی ئێمە ئەوان ناگرێتەوە؛ پێشتریش کەسانی سەربە نەتەوەکانی دیکە، بەڵام بە هۆو بۆچوونی دڵخواز و یان نەخوازراوی جیاوازەوە، ئەو رێچکەیان بڕیوە و ئەو رەهەندەیان تەجروبە کردووەتەوە و تەنانەت تا رادەی بە جیهانی بوون، تێدا سەرکەوتوو بوون. لەم بوارەدا، نمونەکانیەکجار زۆرن. هەرلە نووسەرانی بە ناوبانگ و خاوەن خەڵاتی جۆربەجۆری وەک؛ ئالبەرت کامۆی جەزایەریی کە بەزمانی فەڕەنسی رۆمان و بەرهەمەکانی خولقاندووە، بگرە؛ هەتا گابریل گارسیا مارکێز کە ئەم دوایانە مرد و رەخنەگریی بەناوبانگ، مارسێل رایش کانیکی پۆلەنیایی کە هەموو بەرهەم و ژیانی ئەدەبی خۆی بە زمانی ئاڵمانی داڕشتووە؛ ئەو رەهەندەیان گرتووەتە بەر. رەهەندێک کە هەم لایەنگرانی خۆی هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە خاوەن رەخنەی جیدی لە لایەن رخنەگرانیەوەتی. بەڵام لە نزیک خۆمانەدا، وەک نمونە دەتوانرێت؛ ئاماژە بدەینەنووسەریی رۆمانی کۆلارەباز، خالید حوسەینی کە بە رەچەڵەک ئەفغانییە و بە ئینگلیزی دەنووسێ و نووسەری ئێرانی قادر عەبدوڵلا کە لە رێگای رۆمانەکانییەوە و بەتایبەت رۆمانی ماڵێک لە ناو مزگەوتدا،کە بە زمانی هۆلەندی نووسیویەتی و ناوبانگی جیهانی پەیدا کردووە. قادر عەبدوڵلا بە پێچەوانەی خالید حوسەینی، کە هەر لە منداڵییەوە زمانی ئینگلیزی خوێندووە و بۆ خۆی کۆڕی نێردراوی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە بووە، درەنگتر فێری زمانی دووەم بووە؛ ئەگەرچی پێشتریش ئەزموونی نووسینی هەبووە. واتە لەم بوارەدا نمونەکان زۆرن و لەم بەستێنەدا ئەمە یەکەم ئەزموون و دەسپێکەریی نییە.
  ئەم رۆمانە، بە تەواوی نوێیە؛ بە واتایەک هەم نووسەرەکەی پێشتر ئەزموونی نووسینی جیدی نەبووە و هەم نووسین بە زمانێک جگە لە زمانی دراوسێ داگیرکەرەکانی کورد، لای ئێمە مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە. هەر بۆێی،دەکرێت بڵێین؛ دەسپێکردنێکی بوێرانە و ئازایانەیە. بەڵام لەوەش گرنگتر، ئەم رۆمانە، هەڵگری جۆری بیرکردنەوە و روانگەکانی تاکێکی کوردە، بەڵام بەزمانێکی دیکە. هیوادارم نووسەران و خوێنەرانی رەخنەگر لە حاستیدا بێدەنگ نەبن. پێم وایە رۆمانەکە هەم لەباری ساختار و فورمەوە و هەم نێوئاخن و نێوەرۆکەکەیەوە کە خۆی لەخویدا،هەڵگریی بیرکردنەوەی تاکێکی کوردە، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی جیدی هەیە. بەڵام لەم دەرفەتەدا و لە روانگەیەکی دیکەوە هەوڵدەدەم زۆر بە کورتی رۆمانی مەریوان لە ژێر سێبەری داربەڕووەکانتان پێبناسێنم. 
  رۆمانەکە سادە و تاڕادەیەک تێکەڵ بە زمانی تەنز و فانتازییایە. گێڕەوەو و راویی چیرۆکەکە، خودی نووسەرەکەیەتی، کە بە ناو خۆیەوە، لە ناو رەستەو لاپەڕەکانی رۆمانەکەدا جەولە دەکات و دەدوێ و دەخۆا و دەگریی و پێدەکەنێ و ئەویندار دەبێ و کچان ئاشقی دەبن. ئەزمونی ژیان تاقی دەکاتەوە و جاروبار تووڕەدەبێ و هەندێ جاریش لێی تووڕە دەبن و سەرکۆنەی دەکەنەوە. نووسەر لە زمانی یەکەم کەسی تاکەوە، هەوڵدەدات بەکۆشەنیگاییەکی ئەرێنیەوە، ئەو رەهەندە فیکرییەی کە داڵدەی دەبێت، روونتر و پڕڕەنگتر نیشان بدات و بە رەخنەی نەرم و هەندێجار بە توانجەوە، پلار بگرێتە رەهەندە فیکرییە هاوشێوەکانی دیکە و کەمبایەخیان نیشانبدات و لەم بوارەدا تابۆی بکرێت پشتیان بە ئەرزدا بدات. دوژمنان و نەیارانی سیاسی دەکوتێ و بەرانبەر بە رەوتی راستی ناو کۆمەڵگا بەگشتی و بەتایبەت، ئاڵاهەڵگرانی ئیسلامی سیاسی هەڵوێسی خۆی نیشان دەدات و زۆر بەتوندی دەیانخاتە بەر رەخنە و پلاری جیدی.  سەرەڕای ئەمانەش، زۆر بە زانستەوە هەنگاو بە هەنگاو و پلە بە پلە، خوێنەر بەرەو ناوجەرگەی رووداوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان پەلکێش دەکات. لە رێگای بنەماڵەکەی خۆیەوە هەوڵدەدات، شوێنی ژیان و ژیانی کۆمەڵانی خەڵکەکەی، خواردن و خواردنەوە، سۆزوخۆشەویستی و نەریتی میوانداریی و لەبەرانبەردا دڵڕەقی بەرپرسانی هێزە ئەمنییەتییەکانی دەسەڵاتداران و بێدەرەتانی خەڵکی ئاسایی و سویل نیشان بدات. باسی یەکەم شەهیدەکان دەکات، تراژدیی ژیانی گیراوەکانی پادگانی مەریوان لە گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی١٣٥٧/ی هەتاوی و لە سێدارەدانیان لە لایەن خەڵخاڵیەوە و بوونە پێشمەرگە و کارکردن لە بەشە جۆربەجۆرەکانی ئۆرگانە جیاوازەکانی کۆمەڵەدا و لەوانە کارکردن لە زیندانی ناوەندی و ئەزموونەکانی ئەو سەردەمە و ...  و لە هەمووی گرنگتر، ژیانی منداڵی و چوونە قوتابخانە و ئارەزووەکانی بوون بە پیشاهەنگ، کە بۆ خۆی چیرۆکێکی بەتامی پڕلە گاڵتەجاڕیی و پێکەنین دەخولقێنێت. گاڵتەکردن بە جەل و بەرگە سەیرو سەمەرەکانی ئەو گروپە دەستکردەو تەنانەت تێپەر نەبوون لە بچووکترین کەرەستەی نیشاندەری گەنجێکی پیشاهەنگ، وەکفیقەلەکەی سەر شانییان و  پلان و نەخشەکانی ئەو بۆ گەیشتن بەو ئاواتە و بینینی سووکایەتی بەهۆی جیاوازیی زمانی و نەتەوەییەوە. سەرئەنجام لەو رێگایەوە نەریتی بەرەنگاری و دژایەتی کردن بە خوێنەرانی نیشان بدات. لە رێگای چاخانەکەی عەبە بەڵکیسەوە، کە لە رۆمانەکەیدا بە بەڵکیس ناوی دەهێنێ، چپەچپ و کۆبوونەوەکان و دژەبەریی و ژوانگە و قەرارەکانی مەحفەل و هەڵسووراوانی ئەو سەردەمە دەخاتە بەرچاو و کەسایەتییە سادەکانی ناو گەرەک دەکاتە قارەمان و ژنێکی لادێی دەنێرێتە بارەگای شا لە تاران و لە کاتی هاتنەوەیدا بۆ پێشکەش کردنی داخوازیی جوتیاران حیکایەتی سەروسەمەرەی لێدەگێڕێتەوەکۆچی تێکڕای شارێک بۆ ئۆردۆگایەک وژیان لە ژێر سێبەری داربەڕووەکاندا بۆ گەیشتن بە ماڤە سادەکانیان باس دەکات. وێنەی منداڵانی ئەو رەوە گشتی کە دەگرین،دەیگرێنێ و سەرئەنجام بۆ ئەو گریانەی، خۆی سەرزەنشت دەکات. هاتنی شێخ عیزەدین بۆ مەریوان و ئاکامی سەفەرەکەی و کاریگەری ئاین و سکۆلاریزم لەسەر یەکتر و دنیای کۆن و مودێڕنیتە و دەیان و سەدان رووداوی ورد و دروشتی دیکەی سەردەمی شۆرش و پاش شۆڕش، لە روانگەی خۆیەوە، دەخاتە پێش چاو. بە تایبەت رەنجەکانی دادە بەهییە، دایکی کاک فواد، لە کاتی دەرهێنانی گۆڕغەریبەکانی، لە گۆرستانێکی دوور لە شار و دیاری خۆی و هێنانەوەیان بۆ تاڵەسوار و ناشتنیان لە لای کاک فواد و دوو کوڕەکەی دیکەی، خوێنەر والێدەکات کە ماوەیەکی درێژ بێدەنگ لە ناوەرۆکی رووداوەکان قووڵ بێتەوە.
  رۆمانی مەریوان، لە ژێر سێبەری داربەڕوەکاندا؛ وەک ئاوتۆبیوگرافی و وەک رۆمان، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی رەخنەیی وپێداچوونەوە جیدی هەیە. بێگومان ئەم رۆمانە هەر وەک وترا، یەکەم بەرهەمە کە بە زمانی ئاڵمانی(لانیکەم تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم) سەبارەت بەو چاخە مێژووییەی ئەو بەشە لە نیشتمانەکەمان چاپ و بڵاو دەبێتە و هەروەها یەکەم ئەزموون و یەکەم بەرهەمی چاپ کراوی نووسەریشە. سەرەڕای ئەوەی کە بەزمانی ئاڵمانی نووسراوە؛ توانیویەتی لەهەمان کاتدا لە باری ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، هەناسەکانی شارێکی هەژار و دواکەوتووی ئەوسەردەمە، کە بە هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لە نیشتمانی ئەو زمانەیە کە پێی نووسراوە، بگوێزێتەوە بۆخوێنەری دنیایەکی مودێڕن. 
  قۆناغی هاتنە ناو ژیانی سیاسی بۆ نووسەر، هەر لە هەڕەتی منداڵییەوە دەستپێدەکات. منداڵیی ئەو هاوکات بووە لەگەل زەبروزەنگی ساواک و رژیمی پاشایەتی. نووسەر لە رێگای رووداوێکەوە کە باوک و دایکی هەژاندووە و خەمی خستووەتە سەر لێویان، هەر لەو تەمەنەوە، هەست بە نابەرانبەری و ستەم دەکات و ئاراستەی ژیانی بە تەواوی دەگۆڕدرێت. لێرەدا بە دانانی وەرگێڕدراوی، کورتەیەک لەو رووداوە تاڵە، کۆتایی بەم باسە دێنم. : (... دایکم بۆ لای من هات. رواڵەتی لەبەر گرژیی و تووڕەیی سوور هەڵگەڕابوو. گوتی؛ ئەو پارە وەر بگرە. داوای لێکردم کە بڕۆم و لە نانەواخانە نان بکڕم. بەڵام من دەمزانی، ئێمە پێویستمان بە نان نەبوو. لە چێشخانەکە بە ئەندازەی پێویست نان هەبوو. ئەو دەیویست من بنێرێتە دەرەوە و بەبێ موزاحمت لەگەل باوکم بدوێت. من لەو کاتەدا موزاحمی ئەوان بووم. بە دایکم گوت؛ باشە دەڕۆم. بەڵام من لەبری چوونم بۆ نانەواخانە لەماڵەوە مامەوە؛ چوونکوو دەمویست گوێبگرم و بزانم کە باوکم چی بەسەرهاتووە. بەترسەوە خۆم لە پشت دەرکەی دیوەکە شاردەوە و گوێم هەڵخست. پەردەی دەرکەکە حەشاری دابووم. بەشێوەیەک کە کەس نەیدەتوانی هەستم پێبکات. بە پەنامەکی گوێم بۆ ئەو شتانە راگرت کە باوکم بۆ دایکمی دەگێڕایەوە. باوکم دەیگوت: ئەمڕۆ ساواکیەکان هاتن و بۆ لێپرسینەوە بردیانمە ساواک. دایکم بە ترسەوە گوتی: ساواک؟ بۆ؟ چییان لێدەویستی؟ باوکم گوتی: ئەوان هیچیان لە من نەدەویست؛ تەنیا دەیان ویست بزانن ئەو کەسەی کە ئەوان گرتوویانە ئایا لەلای من بووە و دەیناسم. ئەوان منیان بردە دیوێکی دیکە کە لەودا پیرەپیاوێک لەسەر زەویکەدا گرمۆڵە بووبوو. لاق و دەستی بەسترابووەوە و لە خوێن خۆیدا گەوزابوو. باوکم لە بەردەم دایکمدا دەستی کردە گریان. ئەوان ئەو پیاوەیان ئەشکەنجەدابوو. نینۆکەکانی هەردوو دەست و پێیان بە گاز کێشابوو. لەهەموو تەمەنمدا کارەساتی ئەوەندە خراپم بەچاو نەبینیبوو. لەسەر زەویەکە وەک پارچە گۆشتێکی کەسیرە و بێدەرەتان گرمۆڵە و وەک حیوانێکی بریندار داکەوتبوو.  باوکم بۆ ماوەیەکی کورت بێدەنگ بوو و پاشان دەستی پێکردەوە: مەلێ! ئەو پیاوە، ئەول هەسەن هەجیجی بوو. ساواکیەکان لە سنووری عێراق قۆلبەستیان کردبوو. ئەویان وەک عێراقی و جاسووس لەقەڵەم دابوو؛ چوونکوو ئەو پیاوە هەژارە نەیدەزانی فارسی قسە بکات. ئەو بێچارە لەلای ساواکییەکان، تەنیا ناو منی هێنابوو. هەربۆیە ساواکیەکان منیان بۆ ئەوێ بانگ کردبوو. ئەوان لە من پرسیاریان دەکرد کە ئایا من ئەو پیاوە دەناسم. و من وڵامم دانەوە کە بەڵێ من ئەم پیاوە دەناسم. ئەو پیاوە هەجیجییە. و شتوومەکەکانی من دەبات و لە گوندە سنوورییەکاندا دەیانفرۆشێتەوە. هەر بۆیە ئەو لە نزیک سەرسنوور بووە. من بە ساواکییەکانم گوت: ئەو پیاوە هەژار و بێتاوانە. پاشان دەبوو من واژۆی بکەم کە ئەوەی بینیبووم و گوێم لێبووە، نابێت لە لای کەس بیدرکێنم. ئەگینا ئەوانە ئەوەی بیانەوێت لەگەلم دەکەن. باوکم داوای لە دایکم کرد؛ کە ئەو باسە لەلای کەس نەدرکێنێت: تۆ دەزانی کە پیاوەکانی ساواک دەتوانن بە ئاسانی... وەرگێر بۆ کوردی/ ئەرسەلان)  

تێبینی:
١ـ ناوی رۆمانەکە بە ئاڵمانی Marivan unter den Kastanienbäumen کە ئەگەر دەقاودەق بکرێتە کوردی دەبێتە؛ مەریوان، لە ژێر داربەڕووەکاندا. کاستانیەن(Kastanien) داربەڕووە، داربەڕوویەک کە مێوەکەی دەخوڕێت. بەڵام  دارەکەی و مێوەکەی وەک بەڕوو و داربەڕووەکانی لای خۆمان نییە. هەڵبەت ئایشە(Eiche) هەر داربەڕووە، بەڵام بەڕوویەک کە مێوەکەی ناخورێت.
٢ـ  ئۆردووگای کانی میران، شوێنێکە لە نزیک گوندی کانی میران لە ناوچەی خاومیرئاوای مەریوان و نزیک بە سنووری کوردستانی عێراق. خەڵکی مەریوان لە هاوینی ساڵی ١٣٥٨/ی هەتاوی بۆ گەیشتن بە داخوازەکانیان و بەرگریی لە دەستدرێژییەکانی رژیم و بەرگریی لە هێڕشی ئەرتەش و سپای پاسداران  کە لە پادگانی مەریوانەوە هەڕەشەی هاتنە ناوشاریان لە خەڵک دەکرد؛ بە تێکڕا شاریان بە جێهێشت و لەو ئۆردوگایە مانیان گرد کە بۆ خۆی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە.   


هیچ نظری موجود نیست: