به‌ندییه‌کی به‌ندی 209
نامه‌یه‌ک له به‌ندیخانه‌ی (ئه‌وین) ه‌وه
• وه‌رگێڕ/ ئه‌رسه‌لان عه‌زیزی
سه‌ره‌تا له کۆمۆنیسته‌کانه‌وه ده‌ستیان پێ‌کرد
ده‌نگم نه‌کرد،
چوونکوو من کۆمۆنیست نه‌بووم.
پاشان، بۆ گرتنی کرێکاران و ئه‌ندامانی سه‌ندیکا هاتن،
ده‌نگم نه‌کرد،
چوونکوو من ئه‌ندامی سه‌ندیکا نه‌بووم
ئینجا ده‌ستیان، به گرتنی کاتۆلیکه‌کان کرد؛
دیسان من هه‌ر هیچم نه‌وت،
چوونکوو من پروتستان بووم.
ئاخریه‌که‌ی بۆ گرتنی خۆم هاتن
به‌ڵام که‌س نه‌مابوو ده‌نگ هه‌ڵبڕێ! [1]
له گۆشه نیگایه‌که‌وه، کاتێک تابلۆی به‌ندیخانه‌که‌ی (ئه‌وین)م خوینده‌وه، سه‌رله‌نوێ، ئه‌وه‌ی له رابردووه‌یه‌کی دووره‌وه‌هه‌تاکوو ئه‌مڕۆکه ده‌مزانی یان خویندبوومه‌وه، به ناو مێشکمدا تێپه‌ڕ بووه‌وه، به بێئه‌وه‌ی ئاگام له خۆبێ "خوێنی ئه‌رخه‌وانه‌کان"(2) جارێکی دیکه، سه‌رله‌نوێ له ناو مێشکمدا، به‌رجه‌سته بووه‌وه. زۆرم حه‌ز ده‌کرد و خۆزگه ئه‌و سرووده‌م له‌به‌ر بایه.
له‌گه‌ل رۆشتنه ناو داڵانه‌کانی به‌ندی 209 و ژووره‌تاکه‌که‌سییه‌کانیدا، بۆنێکی نامۆ و نائاشنام هه‌ست پێ‌کرد، له‌به‌ر خۆمه‌وه وتم؛ ره‌نگه ئه‌مه بۆنی، به‌ندیخانه و بۆنی سته‌م و بۆنی خه‌فه‌قان بێت.
تا ده‌رچوون له به‌ندی 209 ، چاوبه‌ست وه‌ک به‌شێکی جیانه‌بووه‌وه له به‌ندییه‌که‌ی لێدێت. ئه‌مه، ئه‌وکه‌سانه‌ی بیر ده‌خستمه‌وه که سوڵتانه‌کان له چاڵه‌ڕه‌شه‌کاندا، چاوه‌کانیان ده‌رده‌هێنان تا هه‌ستی دیتن، ئه‌و هه‌سته‌ی که ئیمکانی زۆرترین پێوه‌ندی له گه‌ل جیهانی ده‌ره‌وه، بۆ مرۆڤ هه‌موار ده‌کات؛ لێ زه‌وت بکرێت و ئێستا چاوه‌کانت ده‌به‌ستن، به بێئه‌وه‌ی بزانن که هه‌ندێ جار، ته‌نانه‌ت دیواره‌کانیش ناتوانن به‌ر به رامان و دیتن بگرن.
209، یانێ ژووری تاکه‌که‌سی، ئه‌و ژووره‌ی که نامۆترین و ونبووترین وشه‌ی ناو کتێبه یاساکانی ئێمه‌یه. ماناکه‌ی به‌واتای؛ بێ حورمه‌تی، سووکایه‌تی، لێپرسینه‌وه‌ی چه‌ندین و چه‌ند کاتژمێریی و بێ هه‌واڵ بوونی مه‌نگ و ته‌ریکخستنه‌وی مرۆڤ و له بۆشاییدا راگرتنی و تێکشکاندنی به هه‌ر نرخ و شێوه‌یه‌ک بووبێ. ژووری تاکه‌که‌سی؛ یانێ ئه‌شکه‌نجه‌ی سپی، شه‌وگه‌لی بێکۆتای و پڕله دڵه‌خورپه.
پاش ئه‌شکه‌نجه‌ی سپی، شه‌و و رۆژ جیاوازییه‌کیان له گه‌ل یه‌کدی نابێت. ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ که هیچ چه‌شنه هه‌واڵ و ئاگاداریکی تازه‌ت نابێ بگاتێ. هه‌واڵ و ئاگادارییه‌کانی تۆ ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ن که رۆژێک چه‌ند جار، له قاتی یه‌که‌مدا و له هۆده سه‌وزه‌کانی لێپرسینه‌وه‌دا؛ به گۆێتیدا ده‌چرپێنن. هه‌تا به‌م شێوه‌یه توانای خۆراگریت کز که‌ن. تۆ له ژووره تاکه‌که‌سییه‌که‌تدا وله مێشکت‌دا، تاووتۆی به‌ڵێنه‌کانی کاتی لێپرسینه‌وه ده‌که‌ی و سبه‌ی و سبه‌کانی دیکه‌ش، له ناو هۆده سه‌وزه‌کانی وه‌ک هۆده‌ی جه‌ڕاحیدا، دووپات ده‌کرێته‌وه و ئه‌وه‌نده ئه‌م کاره سه‌رله‌نوێ ده‌بێته‌وه، تا وته‌کانی لێپرسه‌که‌ت [بازجو] ده‌بێته مه‌له‌که‌ی مێشکت و باوه‌ڕ به‌وه ده‌که‌ی، که چه‌نده مرۆڤێکی خراپ بوویت.
هه‌موو رۆژێک کاتێک له هۆده‌ی لێپرسینه‌وه‌وه، ده‌گه‌ڕێیته‌وه ژووره تاکه‌که‌سییه‌که‌ت، ئه‌وه‌ی له ژووره‌که‌تدایه. ژێره‌وروو کراوه. یان باشتره بڵێم؛ دیوه‌که‌یان کێڵاوی. مه‌ڵهه‌می دان شتن، سابوون، شامپۆ و په‌تووه ره‌شه بۆنگرتووه‌که‌ت و ڕاخه‌ره ره‌نگ په‌ڕیوه‌که و ته‌نانه‌ت په‌رداخه سه‌فه‌رییه‌که‌شت، بۆ پشکنینی شتێک جێبه‌جێ کراوه. ره‌نگه به‌دوای شوێنهه‌ڵگرتنی بزه، ئۆمێد،شادی، ئاوات و بیره‌وه‌رییه‌کدا ده‌گه‌ڕێن، که نه‌کا شاردبێته‌وه. هه‌رکات تۆ به هیوای دیتنی سه‌رله‌نوێی مانگه‌شه‌و، چاو ده‌بڕییه دیواری ژووره تاکه‌که‌سییه‌که‌ت، شتێک وه‌کوو تارمایی، له ده‌لاقه بچکۆله‌که‌ی ژووره‌که‌ته‌وه، سه‌ر ده‌کێشێ و ده‌تخاته ژێر سه‌رنجی خۆیه‌وه، که نه‌کا "خه‌وی شیرینت" لێکه‌وتبێ و یان له خه‌ونێکدا، دایکێک هاتبێته سه‌ر سه‌رینی رۆڵه‌که‌ی و له‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌دا به مه‌رهه‌می لای لایه، زامه‌کانی تیمار کردبێ.
کاتێک چاو ده‌بڕییه دیواره‌کان و بیره‌وه‌ریی ئه‌و میوانانه‌ی پێش تۆ بوونه‌ته مێوانی ژووره‌که‌ت، له عه‌ره‌ب و تورک و کورد و به‌لووچ و مامۆستا و کرێکار و خوێندکاره‌وه بگره تا تێکۆشه‌ری ماڤی مرۆڤ و رۆژنامه‌وان، هه‌موویان ده‌بنه میوانی ئه‌م شوێنه. ده‌ڵێی له ناو 209/دا عه‌داڵه‌ت بۆ هه‌مووان چوون یه‌ک دابه‌ش کراوه. چونکوو له‌گره؛ جیاواز له نه‌ته‌وه و جیا له‌ره‌گه‌زی نێر و مێ و جیاواز له ئایین و له‌وه‌ی له‌کام چین و توێژ بن، هه‌مو وه‌ک یه‌ک دێنه به‌ندیخانه.
مه‌ودای نێوان ژووری تاکه‌که‌سیی تا ژووری گشتی، ته‌نیا بیست، سی مه‌ترێک ده‌بێت، که هه‌ندێ که‌س ئه‌م رێگایه به چه‌ند ساڵ و ژماره‌یه‌کی دیکه به چه‌ند مانگ ده‌بڕن. زووری گشتی، یانێ؛ دیتن و دووان له‌گه‌ل مرۆڤه هاوچه‌شنه‌کانی خۆتدا، یانێ؛ بیستنی ده‌نگی ئه‌و مرۆڤانه‌ی که ده‌بێ ده‌نگیان ببیسترێ. ژووری گشتی یانێ خواردنه‌وه‌ی په‌رداخێک چای داخ. یانێ تا بته‌وێ؛ بچیه حه‌مام. ژووری گشتی، یانی ده‌ره‌تانی چاککردنی سه‌ر و ریش و بۆ هه‌ندێکیش یانێ؛ له پشت دیواره شووشه‌کانه‌وه دیتنی چاوه دڵله‌دواکانی ئازیزه‌کانیان و بۆ من یانێ پاش چه‌ند مانگ ده‌ره‌تانی رۆشتنه هه‌واخۆری.
پاش تێپه‌ڕ بوونی چه‌ندین مانگ، بۆ یه‌که‌م جار رۆشتمه هه‌واخۆری. حه‌وتوویه‌ک سێ جار و هه‌ر جاره‌ش 20 ده‌قه. شوێنی هه‌واخۆری، هۆده‌یه‌کی بچکۆله بوو، که دیواره‌کانی به‌رز و بنمیچه‌که‌شی به ئاسن ته‌نراوو کون‌کون بوو. بۆ من که هه‌موو رۆژێک به عیشقه‌وه، هه‌تاوو ئاسمانم، له داوێنی زاگرۆسه‌وه چاولێکردبوو، له‌گره ده‌تگووت؛ ئاسمانیان له پشت مێڵه‌کانه‌وه به‌ند کردبوو. هه‌تاو به دزه، سه‌ری کێشابووه ناو سووچێکی هه‌واخۆرییه‌که‌وه و ده‌تگووت ئه‌ویش ده‌زانێ که نابێت؛ له دیواره‌کانی پاراستنی نه‌ته‌وه‌یی (امنیت ملی) نزیک بێته‌وه. کامێرایه‌کیش خێرا و به په‌له‌په‌ل، له سه‌رسه‌رمان هه‌ڵده‌سووڕا،هه‌تا ئاگای له هه‌موو قوژبنێکی ئه‌و ناوه بێت؛ که نه‌کا له گه‌ل خاتوو هه‌تاو، چاوه‌بڕکێ بکه‌ین و وه‌ک " پێوه‌ندی له گه‌ل بێگانه"دا حه‌سێبی له‌سه‌ر بکرێت و یان به سروه‌ی با بڵێن؛ " ئێمه هه‌موومان حاڵمان باشه" و ئه‌م هه‌واڵه ببێته هۆی" هه‌ڵخڕانی بیرووڕای گشتی". ئه‌وه‌نده به‌بێ ئاوزییشه‌وه، په‌ڵه‌ی ره‌نگیان به سه‌ر دیواره‌کانی هه‌واخۆریدا بژاندبوو، دیواره‌کان قیزه‌ون بووبوون. "هه‌رچه‌ند، جوانترین دیواره‌کان، ئه‌گه‌ر دیواری به‌ندیخانه‌ێه‌ک بن؛ دیسان شایسته‌ی تێکدان ورووخاندنن". [3]
دیواره‌کانی 209 ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی خۆیان، که بریتی بوو؛ له هه‌ڵاواردنی به‌ندییه‌کان له یه‌کتر، به باشێ وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتبوو. دیواره‌کانی ئه‌گره، ببونه نامه‌به‌ر و قاسیدی خۆشه‌ویستی. بۆێی ده‌بوو، سزا بدرێن و هه‌موو حه‌وتوویه‌ک، به ره‌نگی ره‌ش سواق ده‌دران. تا سه‌رئه‌نجام رۆژێک له‌شیان، به به‌ردی ره‌ش دا‌پۆشرا. دیواره‌کانی هه‌واخۆری، بۆ به‌ندییه‌کان ته‌خته ره‌ش و رۆژنامه‌ی دیواری و ته‌نانه‌ت درزی دیواره‌کان ره‌وڵی سنووقی پۆستیان به ئه‌ستۆوه گرتبوو. به‌مشێوه‌یه؛ په‌یامی به‌ندییه‌کانیان ده‌گه‌یانده یه‌کتری. رووبه‌ری دیواره‌کان پڕ بوو؛ له ناوی خویندکار. ئه‌وانه‌ی له پووشپه‌ڕی 78 /ه‌وه، نا، نا..!! واۆتر ... له 16 سه‌رماوه‌زه‌وه هاتبوون، ئه‌وانه‌ی که ساڵه‌های ساڵه، به‌ردی نه‌گۆڕی ژووره تاکه‌که‌سییه‌کانن و به‌وپه‌ڕی جه‌ربه‌زه‌وه ده‌یاننووسی" خوێندکار ده‌مرێ، به‌ڵام سه‌رشۆڕی هه‌ڵناگرێ " و له بنه‌وه ناوی زانکۆکانی خۆیانده‌نووسی. گه‌نجێکی دیکه له‌سه‌ره خۆ، ناوی (ان جی ئۆ)که‌ی، به‌وپه‌ڕی جوانکارییه‌وه له سه‌ر دیواره‌که ته‌ڕاحی ده‌کرد؛هه‌رچه‌ند به ره‌نگ ده‌یانسڕییه‌وه. به‌ڵام دیسان و دیسان ئه‌و کاره‌ی دووپات ده‌کرده‌وه. و هه‌ندێ که‌سیش به‌دوای هه‌واڵه‌وه بوون. منیش، رۆژێک له‌سه‌ر دیواری هه‌واخۆری نووسیم؛ سڵاو. له‌به‌ر خۆمه‌وه گوتم که‌س وه‌ڵامی سڵاوه‌که‌ت ناداته‌وه" به‌ڵام خێرا نووسیان'" سڵاو، ئێوه؟!" و دۆستایه‌تییه‌کانمان ده‌ستی پێ‌کرد. له خوێندکاره‌وه بگره تا ئه‌لقاعیده‌ی به‌ندکراو، که دواتر له ره‌جایی شاردا، بووه مامۆستای وانه‌ی ئینگلیزییم.. کۆڵێک هاوڕێی" دیوارهگی" م چنگ که‌وتبوو. رۆژێک که ژووره تاکه‌که‌سییه‌کان پڕبوون و شوێن بۆ که‌سانی نوێ نه‌مابوو؛ به ناچار خه‌ڵکێکی زۆریان له ژوورێکی تاکه‌که‌سی دا جمه‌دا و ده‌تگووت ساڵه‌های ساڵه که یه‌کتر ده‌ناسین. خوێندکاره‌کانی پۆلی تکنیک، ته‌حکیم وه‌حده‌تییه‌کان، مه‌سیحی، تورک، به‌لووچ، کورد و ....، ده‌تگووت له مێژه یه‌کتر ده‌ناسین. که‌سێک ده‌بووه ده‌لاک، ئه‌وی دیکه چێشتلێنه‌ر. تا ده‌مه‌وبه‌یان داده‌نیشتێن و باسمان له ئازاره‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کرد. هه‌رچه‌ند ئازاره‌کانمان هاوبه‌ش بوون، دیسان هه‌تا رۆژ ده‌بووه‌وه باسمان ده‌کرد و ته‌نیا ده‌مه‌وبه‌یان، به ده‌نگی گریانه‌که‌ی سه‌یید ئه‌یوب، که به‌لووچێکی به‌ندکراوی ته‌نیشت ژووره‌که‌مان وساڵانێکی درێژ بوو مابووه، داده‌چڵه‌کین. ئه‌وه‌نده‌یان گوێ نه‌دابوویێ، سه‌رئه‌نجام نامه‌کانی بۆ خۆا ده‌نووسی و له هه‌واخۆری/ دا دایده‌نا و له گه‌ل پرمه‌ی گریانه‌که‌ی بێده‌نگییه‌کی به‌سام باڵی به‌سه‌ر ئه‌وناوه‌دا ده‌کێشا وکۆتایی به باسه‌کانی ئێمه ده‌هێنا و هه‌ندێ جاریش، ده‌نگی پاژنه‌ی پێڵاوی ژنێک، بێده‌نگی ده‌کردین. ئه‌وه‌نده به‌و ده‌نگه‌شاد و که‌یفخۆش ده‌بووین، که له که‌لێنه بچکۆله‌که‌ی ده‌رکه‌که‌وه یان له درزی رادیاتۆره‌کانی ژووری 121/ه‌وه سه‌یری ده‌ره‌وه‌مان ده‌کرد. ژنێک بوو؛ که به چاوداپێچراوییه‌وه بۆ هۆده‌ی لێپرسینه‌وه‌یان ده‌برد. چارشێوێکی به‌سه‌ره‌وه بوو که به ده‌یان ترازوو نه‌خشێنرابوو. به‌ژن و باڵاکه‌ی، ترازووه‌کانی عه‌داڵه‌تی، لارولوێر و ناهاوسه‌نگ پیشان ده‌دا. ئه‌م ده‌نگه ئاشنایه ، ده‌نگی پێی بوونێکی له‌سه‌رخۆ بوو ، که ده‌یویست پێمان بڵێ؛ لێره‌ش خه‌بات و ژیان به‌بێ بیستنی، ده‌نگی باژنه به‌رزه‌کان مانای نییه. نه‌ختێک رامان و ماوه‌یه‌ک تێفکرانی ده‌ویست؛ تا تێبگه‌ی هه‌موو وه‌کوو یه‌ک بووین.
هۆده‌ی لێپرسینه‌وه‌که‌مان، هه‌ر هه‌مان هۆده بوو؛ که تێدا لێپرسینه‌وه‌یان له لێخوره‌کانی شیرکه‌ت واحد و مامۆستای قوتابخانه‌کان کربوو. چه‌کمه‌جێی لێپرسینه‌وه هه‌ر هه‌مان چه‌کمه‌جێ بوو، که خوێندکاره‌کان له سه‌ر رووبه‌ره‌که‌یبیره‌وه‌رییه‌کانیان نووسیبوو و ئه‌و ته‌خته‌ی که له‌سه‌ری ده‌نووستم، هه‌ر هه‌مان ته‌خت بوو که "عومران"، ئه‌و گه‌نجه به‌لووچه‌ی، پێش هه‌ڵواسین له سه‌ری نووسیبوو؛ دڵم بۆ که‌ویر ته‌نگ بووه. چاوبه‌سته‌که‌مان هه‌ر هه‌مان چاوبه‌ست بوو، که ئه‌ندامانی که‌مپه‌ینی یه‌ک میلیون " ده‌نگی خامۆش" به چاویانه‌وه به‌ستبوو. که‌وابوو نابێ هه‌ست به غه‌ریبی بکه‌ین و نابێت یه‌کتر له بیر بکه‌ین. ئه‌مانه به جۆرێک له گه‌ل یه‌کدی ئاشنان. لێره هه‌موو وه‌ک تۆن، به‌ڕاستی بیرکه‌وه، ره‌نگه سبه‌ی سه‌ره‌ی تۆش بگات...
مامۆستا و تێکۆشه‌ری ماڤی مرۆڤی مه‌حکووم به ئێعدام
به‌شی نه‌خۆشه عفوونییه‌کان (5) به‌ندیخانی ره‌جایی شاری که‌ره‌ج
فه‌رزاد که‌مانگه‌ر ـ 19/3/87
پێرست:
1ـ برتۆڵت برشت، له سه‌رده‌می نازییه‌کاندا
2ـ " خوێنی ئه‌رخه‌وانه‌کان" هۆنراوه‌یه‌که له؛ ئه‌رخه‌وانه هه‌میشه سووره‌کانی بیژه‌ن جه‌زه‌نی
3ـ شێعره جوانه‌که‌ی " سڵاو" هۆنراوه‌ی شاعیری هاوچه‌رخ، به‌رێز سه‌یید عه‌لی ساڵه‌حی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر