"قاوه‌یه‌کی سارد"
- ئه‌رسه‌لان عه‌زیزی
پیره‌پیاوه‌که وه‌ک هه‌میشه پاڵ به ویلچره‌که‌یه‌وه ده‌نێت و دێته ژووره. له پشت شووشه‌ی عینه‌که شکاوه‌که‌یه‌وه، سه‌یرێکی ده‌وروپشتی ده‌کات و ویلچره‌که‌ی که نایلونه پڕ له شووشه به‌تاڵه‌کانی پێدا هه‌ڵواسرابوو؛ له پاڵ ویترینه‌که‌دا داده‌نێت و بۆ خۆی ده‌ڕوات بۆ شوێنی دانانی گۆڤاره‌کان. سه‌یرێکی گۆڤاره‌کان ده‌کات و ده‌گه‌رێته‌وه بۆ شوێنی که‌لوپه‌لی خواردن و قتوویه‌ک گۆشتی به‌راز و دوو هێلکه هه‌ڵده‌گرێت و دێته‌وه پێش ویترینه‌که و له‌سه‌ر رۆژنامه‌کانی سه‌ر رووبه‌ری ویرینه‌که‌دا دایانده‌نێت. ئه‌و هه‌موو رۆژێک ته‌نیا هه‌شت تا ده بیره‌ی گافل و شووشه‌یه‌ک شه‌ربه‌تی لیمۆ و رۆژنامه‌ی بیلد و ئکس پرس و پاکه‌تێکی بچووکی جگه‌ره ده‌کرێت. جاروباره‌ش قوتوویه‌ک گۆشتی به‌راز و دوو هێلکه هه‌ڵده‌گڕیت و بۆ خوشی قتوویه‌کی کۆنه‌ی گه‌چکه‌ش، بۆ هه‌ڵگرتنی هێلکه‌کان له‌گه‌ل خۆی دێنی. یان ئه‌گه‌ر هێلکه نه‌کرێت، دوو قاش په‌نێرله‌گه‌ل خۆی ده‌باته‌وه و قاشه په‌نێره‌کانیش ده‌نێته ناو قتوویه‌کی پلاستیکی کۆنه‌و چڵکن، که ته‌نیا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له گه‌ل خۆی هه‌ڵیده‌گرێت. هه‌ندێک جاریش ده‌ڵیت:
ـ تۆ بۆ خۆت ده‌زانی من کابرایه‌کی خانه‌نشینی هه‌ژارم و پاره‌ی که‌مم ده‌ده‌نێ. هه‌موو جارێک وهستاکهت ئه‌گه‌ر له‌یره بێت؛ به به‌لاش نان و قاوه‌م ده‌داتێ. نانی تازه نا، ئه‌و نانه کۆنانه‌ی که ده‌بێ سبه‌ی فڕه‌یان بده‌یه ناو سه‌تڵی زبڵه‌که‌وه. ئه‌مرۆ نانم ناوێت، به‌ڵام زه‌حمه‌ت نه‌بێت تۆزێک قاوه‌م بۆ له‌و قووتووه بچووکه که.
قووتووه‌که‌م ده‌داتێ و ده‌ڵیت؛ سپاست ده‌که‌م.
هه‌ر له‌به‌ر خۆیه‌وه ئه‌دوێت و بۆ خۆشی وته‌کانی خۆی په‌سه‌ند ده‌کات.
ـ وه‌ڵات وێران بووه. کاپیتالیست سه‌ری خواردووه. پاره بۆ ئێمه که‌مه. خانه‌نشین پاره‌ی که‌می ده‌ده‌نێ. پاره له کوێ بمێنێ. خانه‌نشینێکی هه‌ژارو بێداهاتی وه‌ک من پاره له کوێ بینێ.
به ناچاری ده‌ڕۆم هه‌تا له په‌ستووی دووکانه‌که قاوه‌ی بۆ بێنم.
فریدهێڵم له‌سه‌ر کورسییه‌که دانیشتووه و له کاتیک دا جگه‌ره ده‌پێچێته‌وه، به‌لاچاو سه‌یری پیاوه‌که ده‌کات و به جووڵه‌ی ده‌م لچی لێهه‌ڵده‌قورتێنێ. ئه‌و ئه‌م پیاوه‌ی خۆش ناوێت و چه‌ند جارێکیش لێیان بووه به قسه و ده‌مه‌قاڵه. پیاوه‌که هه‌ر ده‌ڵێت و ده‌ڵێت و فریدهێڵمیش له پشت کابراوه دوو سێ جار به په‌له ده‌ست به پێشچاویدا دێنێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بڵێت کابر خوله و ئه‌قڵی تێک چووه.
فریدهێڵم جگه‌ره‌که هه‌ڵده‌کات. مژێکی لێده‌دات و حه‌ڵقه‌ی دووکه‌ڵی جگه‌ره‌که له ده‌میه‌وه بۆ بنمیچی دووکانه‌که هه‌ڵده‌کشێ. پاشان ده‌ڕواته پشته‌وه و قومێک له بیره‌که‌ی ده‌دات و ده‌گه‌ڕێته‌وه شوێنه‌که‌ی خۆی. خواردنه‌وه‌ی بیره له‌ناو دووکانه‌که‌دا قه‌ده‌غه‌یه، فریدهێکم ناچار شووشه‌ی بیره‌که‌ی له په‌ستووه‌که‌دا ده‌شارێته‌وه و بۆ خواردنه‌وه‌ی بیره‌که‌ی، تا کۆتایی رۆژ، له نێوان کورسییه‌که و په‌ستووی دووکانه‌که‌دا له هاتووچۆدایه. له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا جارێکی دیکه له پشتکابراوه، به ئاماژه‌ی ده‌ست و جووڵه‌ی برۆکانی، ده‌یه‌وێت به من بڵێت؛ گویی مه‌ده‌رێ، گه‌مژه‌یه.
سه‌یرێکی ده‌که‌م و به بزه‌یه‌ک وڵامی ئاکاره‌کانی ده‌ده‌مه‌وه. فریدهێڵم بزه‌که‌ی منی پێ خۆشه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای جگه‌ره‌که ومژێکی دیکه له جگه‌ره‌که ده‌دات و سه‌یری ده‌ره‌وه ده‌کات. له ده‌ره‌وه نمه نمه باران ده‌بارێت.
کابرا کورته‌باڵایه و پشتی چه‌ماوه‌ته و هه‌میشه کاپشێنێکی پارچه‌یی چوارخانه‌ی ره‌نگ په‌ڕیوو له به‌رده‌کات و که‌وشیکی کۆنه‌ش له پێده‌کات. به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێی راستی به په‌ڕۆیه‌کی کۆنه پێچاوه و سه‌رپێی له‌پێدایه. کاتێک رێ ده‌پێوێت، نه‌ختێک ده‌شه‌لێت. ئه‌گه‌ر ویلچره‌که‌ی پێنه‌بێت ناتوانێت که‌لووپه‌له‌که‌ی بباته‌وه. هه‌موو رۆژێک به‌سه‌ر دووسێ دووکانی دیکه‌دا دێت بۆ لای ئێمه و بایی پازده تا بیست ئورۆ بیره‌و وشه‌ربه‌تی لیمۆ و جگه‌ره و رۆژنامه ده‌کرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و ئه‌م کاره له‌به‌ر په‌نجا سینت ده‌کات. وه‌ستاکه‌م له‌گه‌لی رێکه‌وتبوو که له‌بری یه‌ک ئورۆ پازده سینت بۆ هه‌ر بیره‌یه‌ک، ته‌نیا یه‌ک ئویرۆ و ده‌سینتی لێ وه‌ربگرێت. له‌سه‌ر یه‌ک ئه‌گه‌ر رۆژانه ده بیره بکڕێت ده‌توانێت په‌نجا سینت پاشکه‌وت بکات. په‌نجا سینت ته‌نانه‌ت پاره‌ی نیوه شووشه‌یه‌ک بیره نکات. ئه‌م پیره پیاوه خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی ئاڵمانه و پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانی و دابه‌شبوونی ئه‌م وه‌ڵاته به سه‌ردوو به‌شی ئاڵمانی رۆژئاوا و ئاڵمانی رۆژهه‌ڵاتدا هاتووه‌ته به‌شی رۆژئاوای وڵاتی ئاڵمان.
ـ هێشتا دیواره‌که سازنه‌کرابوو، هاتنیش به‌و ئه‌م به‌شه به‌و هاسانییه نه‌بوو. به‌ڵام من هه‌ڵهاتم و هاتم.
ئه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازایی خۆی دووپات بکاته‌وه، هه‌موو رۆژێک هه‌وڵی ده‌دا؛ داستانی هاتنی خۆی بۆ رۆژئاوای ئاڵمان دووپات بکاته‌وه.
ـ رۆژهه‌ڵات کاری لێنه‌بوو. ئه‌وه ته‌نیا له‌به‌ر نه‌بوونی کاریش نه‌بوو. من زۆر خۆشم له کۆمۆنیسته‌کان نه‌ده‌هات. ئه‌وان زۆر خراپ بوون. بۆ گه‌نجانی وه‌ک ئێمه ئه‌و کاته هه‌ڵهاتن له رۆژهه‌لات و هاتن بۆ رۆژئاوا، وه‌ک خه‌ون وابوو. ئه‌و که‌سه‌ی توانیبای هه‌ڵبێت و نه‌گیرێت، گۆڵی خۆی لێدابوو. له راستیدا له شار و گه‌ڕه‌که‌که‌ی خۆیان ده‌بوو به قاره‌مان. زۆر که‌س کوژران. ده‌زانی، من ئه‌و کاته زۆر گه‌نج بووم.
له جانتاکه‌ی ره‌سمێکی کۆنه ده‌ردێنی و پیشانم ده‌دات.
ـ ئه‌و گه‌نجه منم. ها ها ها ...ئیتر دونیا وایه. یونگه مه‌ن(1).
پێده‌که‌نێت و درێژه به قسه‌کانی ده‌دات. وه‌کوو فریدهیلم و زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی رۆژانه ده پازده بیره هه‌ڵده‌قوڕێنن ، گیلدن ده‌خواته‌وه. گیلدن شووشه‌که‌ی سه‌وزه و فریدهیلم ناوی ناوه؛ کالته کافه. واته قاوه‌یه‌کی سارد. ئه‌وه‌ی پێی موعتاد نه‌بووبێت ناتوانێت ئه‌و بیره‌یه بخواته‌وه. گیلدن، چه‌وری له‌سه‌ره و خه‌ڵکانی ئه‌لکۆلی نه‌بێت، که‌س نایکڕێت. گه‌نجه‌کان پێی ده‌ڵێن؛ بیره‌ی پێنه‌ره‌کان. به‌ڵام فریدهێڵم ئه‌وه‌ی قه‌بووڵ نییه. له راستیدا نایه‌وێت قه‌بوول بکات که له که‌لتووری ئاڵمان‌دا به که‌سانی وه‌ک فریدهیلم ده‌ڵێن؛ پێنه‌ر. پیره پیاوه‌که وه‌ک فریدهیلم ناکات. هه‌موو رۆژێک ته‌نیا یه‌ک جاردێته ده‌ر. خانووه‌که‌ی له قاتی سێیه‌م دایه و ده‌بێت که‌سێک یارمه‌تی بدات هه‌تا که‌لووپه‌له‌کان بباته ژووره‌وه. ئه‌ویش ته‌نیا بۆ کرینی ئه‌وکه‌لوپه‌لانه و به‌تایبه‌تی بیره‌کانی که به‌بێ ئه‌و بیرانه ناتوانێت یه‌ک رۆژیش هه‌ڵبکات. به‌ڵام فریدهیلم له‌گه‌ل کرانه‌وه‌ی دووکانه‌که‌دا دێت و تۆزێک پێش داخستنی ئه‌و دووکانه‌ی کاری لێده‌که‌م، له‌ده‌فته‌ره ره‌شه‌که‌دا، ژماره‌ی ئه‌و بیرانه‌ی له ناو رۆژدا خواردوونیه‌ته‌وه کۆده‌کرێته‌وه و له پاڵ قه‌رزه کۆنه‌که‌یدا ده‌نووسرێت و له ئاکامدا ده‌ستێک به‌رزده‌کاته‌وه وده‌ڵیت؛ "هه‌تا سبه‌ی" و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای دایکی.
پیره‌پیاوه‌که ده‌رکه‌ی نایلونه کۆنه‌که ده‌کاته‌وه.
ـ له سه‌ر خۆ.. وریا به ... نه‌پسێ... وانابێ .. به‌رزی که‌ره‌وه...
به ده‌م قسه‌وه یه‌که یه‌که شووشه‌کانم ده‌داتێ. ئه‌و ته‌نیا موشته‌رییه‌که که پاش خواردنه‌وی بیره‌کان ده‌رکه‌کانی فه‌ڕێ نادات و سه‌رله‌نوێ له سه‌ر شووشه به‌تاڵه‌کان دایده‌نێته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌بنه‌ڕه‌تڕا هه‌ر نه‌خورابێته‌وه. ده‌یانبژێرم و ده‌یانخه‌م ناو سه‌ندووقه‌که‌ی به‌رده‌ستم. به ده‌م ئه‌م کاره‌وه وه‌ک هه‌موو رۆژێکیش ده‌پرسێت:
ـ وهستاکهت نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟
ـ نه‌خه‌یر.
ـ باشه له عێراق چ ده‌کات!
ـ شۆرشگێره، خه‌بات ده‌کات.
هه‌تا ژماره‌ی سێ ده‌بژێرم و ئیترحه‌سێبی شووشه به‌تاڵه‌کانم له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت.
ـ خۆ سه‌ددام نه‌ماوه، شۆڕشی جیی؟
ـ ئێمه کوردی ئێرانین.
ـ ئا، جاری پێشووش باست کرد.
پاش ته‌واو بوونی شووشه به‌تاڵه‌کان ده‌ڵێم؛
ـ به‌تاڵه‌کان دوازده بوون. وانییه؟
ئێستێکی بۆ ده‌کات و به ساردییه‌که‌وه ده‌ڵێت:
ـ وایه.
له یه‌خه‌چاڵه‌که‌ی پشته‌وه، بیره تازه‌کان ده‌خه‌مه ناو نایلۆنه‌که که به ده‌سته‌ی ویلچره‌که‌یه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ده شووشه بیر و پاکه‌تێک جگه‌ره‌ی پال مال و شووشه‌یه‌ک شه‌ربه‌تی لیمۆ و رۆژنامه‌ی ئیکس پرس و بیلد و دوو هێلکه و قتویه‌ک گۆشتی به‌راز و ئیتر هیچی تر. نرخه‌که‌ی پێده‌ڵێم. سه‌یری رۆژنامه کۆنه‌که‌ی سه‌ر ویلچره‌که‌ی خۆی ده‌کات. ئه‌م پیاوه، پێش هاتن بۆ کرینی که‌لوپه‌له‌که‌ی له ماڵه‌وه به قه‌ڵه‌م حه‌سێبه‌که‌ی کۆده‌داته‌وه و سنته‌کانیش لێکده‌داته‌وه. به پێچه‌وانه‌ی رۆژانی دیکه، حه‌سێبه‌که‌ی پیشان نه‌دام و ویستی بیشارێته‌وه. وتم:
ـ چییه حه‌سێبه‌که یه‌کناگرێته‌وه.
ـ نه‌نا ، هیچ نییه. نه‌نه حه‌سێب ... نه!
پاره‌ی ئه‌و شتانه‌ی که کریبوونی دامێ و رۆشته‌ده‌ره‌وه. پێش ئه‌وه‌ی برواته ده‌ره‌وه جارێکی دیکه سه‌یری دواوه‌ی کرد‌و ویستی به‌په‌له دوورکه‌وێته‌وه. ئه‌و ره‌فتاره‌ی پیره‌پیاوه‌که گومانی بۆ سازکردم که ره‌نگه حه‌سیبه‌که نارێک بێت. جارێکی دیکه به په‌له شته‌کانم له یه‌کدایه‌وه، به‌ڵام حه‌سێبه‌که نارێکی تێدا نه‌بوو و درووست بوو. رۆشتمه ده‌ره‌وه. له دووکانه‌که زۆر دوورنه‌که‌وتبوه‌وه. له پشت دلۆپه‌ی بارانه‌که‌وه که ئیتر توندتر ده‌باری، بینیم سه‌یری دواوه ده‌کات و به‌بینینی من هه‌نگاوه‌کانی که زۆرتر ده‌شه‌لیی، توند و گرژتر کرده‌وه. هاتمه‌وه ناو دووکان و دیسان به‌وردی حه‌سێبه‌که‌م لێکدایه‌وه. ده شووشه گیلدن، شووشه‌یه‌ک شه‌ربه‌تی لیمۆ و دوو رۆژنامه و پاکه‌تێک جگه‌ره‌ی پال مال و دوو دانه هێلکه و قتوویه‌ک گۆشتی به‌راز که له سه‌ر یه‌ک ده‌یکرده 18.20 ئویرو بیست سینت و ده‌بوو دوازده شووشه‌ی به‌تاڵی بیره و نرخی شووشه‌ی شه‌ربه به‌تاڵه‌که‌شی لێ داشکێت. که ده‌یکرده 17.09 ئورۆ و نۆ سینت. حه‌سێبه‌که ته‌وابوو. رۆشتمه لای فریدهێلم. ئه‌یویست سه‌ری قسه دامه‌رزێنی. به‌ڵام ئه‌و ره‌فتاره‌ی پیره‌پیاوه‌که هێشتا به ته‌واوی به‌ری نه‌دابووم. بیرم له شووشه‌به‌تاڵه‌کان کرده‌وه. رۆشتمه‌وه لای ویترینه‌که و سه‌رله‌نوێ شووشه‌کانم بژارده‌وه. له‌بری ده شووشه‌ی به‌تاڵ، دوازده شووشه‌ی به‌تاڵ له حه‌سێبه‌که‌ی پیره‌پیاوه‌که که‌م کرابوه‌وه؛ که له سه‌ر یه‌ک ده‌یکرده شانزده سینت.!
ساڵی 2008
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر