ئاغایه نه‌ک ئاغازاده(1)
سه‌یید موجته‌بای خامنه‌یی کێیه؟
· نووسه‌ر: مازيار رادمنش
· وه‌رگێڕ: ئه‌رسه‌لان عه‌زیزی
تێبینی:
خوێنه‌ری به‌ڕیز! ئه‌م وتاره‌ی به‌رده‌ستان وه‌رگێڕدراوی وتارێکه که له زمانی فارسییه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و هه‌ڵگری کۆڵیک زانیاری باش و به‌که‌ڵکه و هه‌ستم کرد ده‌توانێت؛ له گۆشه‌یه‌کی دیکه‌وه تیشک بخاته سه‌ر به‌شێک له رووی ناوه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جه‌هه‌نه‌می کۆماری ئیسلامی و له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ده‌مه‌وێت بڵێم؛ وه‌رگێڕانی ئه‌م وتاره به مانای په‌سه‌ند کردنی هێڵی سیاسی و نێوه‌رۆکی گشتی بابه‌ته‌که له لایه‌ن وه‌رگێره‌وه نییه. وه‌رگێڕ
موجته‌با خامنه‌یی کوڕی سه‌یید عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری هه‌نووکه‌یی کۆماری ئیسلامی ئێرانه. ناوی سه‌یید موجته‌با پاش گله‌وبناشته‌کانی که‌ڕووبی له مه‌ڕ ده‌ستتێوه‌ردانی ناوبراو له ره‌هه‌ندی کێبه‌رکێی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ساڵی 1384/ی هه‌تاویدا، له‌بیر برابووه‌وه. به‌ڵام پاش کاره‌ساته‌کانی ئه‌مدوایانه و بۆچوونه تونده‌کانی باوکی له هه‌مبه‌ر ناڕازییان و ریفورمخوازاندا، سه‌رله‌نوێ وه‌ک یه‌کێک له پاڵپشته سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌حمه‌دی نژاد ناوی لێده‌برێت. هه‌ندێک له میدیاکان ته‌نانه‌ت موجته‌با توندئاژۆتر له باوکی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، هه‌رچه‌ند سه‌یید موجته‌با له میدیاکاندا ده‌رناکه‌وێت و هه‌واڵێکی ئه‌وتۆ له بۆچوونه‌کانی له‌ده‌ستدا نییه.
ماوه‌یه‌ک به‌ر له ئێسته رۆژنامه‌ی گاردیه‌ن له هه‌ڵسه‌نگاندنێکدا نووسیبووی که موجته‌بای خامنه‌یی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له ره‌هه‌ندی رازی کردنی باوکی‌دا بۆ پاڵپشتی کردن له ئه‌حمه‌دی نژاد له ساڵی 1384/دا، کاریگه‌ریی هه‌بووه؛ له سه‌رکوت کردنی خه‌ڵکیشدا ده‌ستی هه‌بووه. به پێی نووسراوه‌ی ئه‌م رۆژنامه‌یه، ئایه‌تووڵا خامنه‌ی پێی ناخۆش نییه پاش مردنی خۆی، کوڕه‌که‌ی ببێته جێگری. گه‌نجێکی 40 ساڵه، که به هۆی سه‌فه‌ری هاوبه‌ش بۆ وڵاتی بریتانیا، رابردووی دۆستایه‌تی له‌گه‌ل سه‌عید ئیمامی هه‌بووه، ئه‌م رۆژانه وه‌ک یه‌کێک له کاریگه‌رترین مۆره‌کانی کوده‌تایه‌ک ده‌ناسرێت، که بووه هۆی سه‌رکه‌وتنی ئه‌حمه‌دی نژاد.
سه‌یید موجته‌با خامنه‌یی کێیه؟
سه‌یید موجته‌با حه‌سیه‌نی خامنه‌یی ساڵی 1348/ی هه‌تاوی له تاران (به بۆچوونێکی دیکه له مه‌شهه‌د) له دایک بووه. به بنه‌ماڵه ئاخوندزاده‌ن و باوکی سه‌ییدعه‌لی، له ئاخونده‌کانی لایه‌نگری ئایه‌توڵا خومه‌ینی بووه له شاری مه‌شهه‌ددا. سه‌یید جه‌وادی باپیریشی له مه‌لا ناسراوه‌کانی سه‌رده‌می خۆی بووه له‌و شاره‌دا. دایکی خوجه‌سته‌ی ناوه و دووه‌مین کوڕی بنه‌ماڵه‌که‌یه‌تی. براگه‌وره‌که‌ی، موسته‌فا و دووبرا بچووکه‌که‌شی موحسێن و مه‌یسه‌م/یان ناوه. خاوه‌ن دوو خوشکیشه به ناوه‌کانی؛ بشرا و هودا. کوڕه‌کان، جگه له مه‌یسه‌م هه‌موویان مه‌لان. سه‌رده‌می منداڵی موجته‌با له شه‌قامی نایب السلته‌نه نزیک به قوتانخانه‌ی عه‌له‌وی و له ته‌نیشت بنه‌ماڵه‌ی ره‌فسه‌نجانی و له ده‌وروبه‌ری (شه‌قامی) ئازه‌ربایجان تێپه‌ڕ بووه. ناوبراو رۆشتووه‌ته قوتابخانه‌ی عه‌له‌وی و تا کۆتایی له‌و قوتابخه‌نه‌یه‌دا خه‌ریکی خویندن بووه. پێش سۆڕش منداڵ بووه و پاش شۆڕشیش سه‌رقاڵی خویندن.
کورته‌یه‌ک سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه و خوشک و براکانی
باوکی، واته سه‌یید عه‌لی خامنه‌ی مه‌لایه‌ک بووه که له پێش شۆڕشدا به ساکاری ژیاوه و بۆ ته‌واوکردنی خویندن سه‌ری له حوجره‌کانی مه‌شهه‌د و نه‌جه‌ف و قوم داوه و یه‌کێک بووه له قوتابییه‌کانی بناغه‌داڕێژی کۆماری ئیسلامی، واته ئایه‌تووڵا خومه‌ینی. خاوه‌نی چه‌ندین رابردووی زیندان و دوورخستنه‌وه بووه له پێش شۆڕشدا و به‌و شێوه‌یه که باسی لێده‌کرێت حه‌زێکی شاعێرانه‌ی هه‌بووه و شاره‌زایی له ئامێری سازیش/دا هه‌یه. ژماره‌یه‌ک له که‌سانی نزیک به ناوبراو ده‌ڵێن؛ پێوه‌ندییه‌کی نزیکی له گه‌ل ئوستاد ئه‌حمه‌دی عیبادی، ناودارترین سێتارژه‌نی مێژووی هاوچه‌رخی ئێران هه‌بووه و به‌هره‌ی له کۆڕی وانه‌کانی ناوبراو وه‌رگرتووه. پاش شۆڕش هه‌تا ساڵی 1360/ی هه‌تاوی به ڕێچکه ئه‌ندامی حیزبی کۆماری ئیسلامی، جێگری وه‌زیری به‌رگری، به‌رپرسی سپا و له سه‌ر داوای ئایه‌توڵا مونته‌زه‌ری، به‌رنوێژی جومعه‌ی تاران و نوێنه‌ری یه‌که‌م خولی مه‌جلسی شۆرای میللی له لایه‌ن خه‌ڵکی تارانه‌وه بووه. پاشان دوو خولی یه‌ک له‌دوای یه‌ک سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بووه. عه‌لی خامنه‌یی له سه‌ره‌تای شۆڕشدا وه‌ک مه‌لایه‌کی لایه‌نگری دوکتۆر شه‌ریعه‌تی که له هه‌مبه‌ر ره‌خنه‌گرتن له ناوبراو به توندی له شه‌ریعه‌تی لایه‌نگری ده‌کرد، ناوزه‌د ده‌کرا. خامنه‌یی سه‌ره‌تا جگه‌ره و پاشان پیپی ده‌کێشا و ده‌ڵێن به فه‌رمانی ئایه‌تووڵا خۆمه‌ینی، ئیعتیاده‌که‌ی ته‌رک کردووه. سه‌یید عه‌لی خامنه‌یی له گه‌ل کۆڕی شاعێرانی مه‌شهه‌ددا، وه‌ک شه‌فیعی که‌دکه‌نی، موحمه‌د موختاری، م. ئازه‌رم (نیعمه‌توڵای میرزاده) و ئه‌خه‌وان سالس/دا پێوه‌ندیی هه‌بووه و له ئیواره‌شیعر‌کانی مه‌شهه‌دیشدا به‌شداری کردووه.
پاش مردنی ئایه‌تووڵا خومه‌ینی، خۆبره‌گانی رێبه‌ری له هه‌وڵێکدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێبه‌رێکی نوێ، به پشت به‌ستن به بیره‌وه‌رییه‌کانی ئایه‌تووڵا ره‌فسه‌نجانی، سه‌باره‌ت به پێشنیازی خامنه‌ی له لایه‌ن ئایه‌تووڵا خومه‌ینییه‌وه بۆ پۆستی رێبه‌ریی و خه‌وبینی ئایه‌تووڵا ئه‌رده‌بیلی سه‌باره‌ت به ره‌زامه‌ندی ریبه‌ری کۆچکردووی شۆڕش، حجت الئیسلام خامنه‌یی له ناکاو له قه‌واره‌ی پێشووی هاته ده‌رێ و به‌ره‌و لوتکه‌ی فه‌قاهه‌ت و ئایه‌تووڵاهی هه‌ڵکشا، که بۆ راگرتنی هاوکێشی له نیزامی سیاسی وڵات‌دا پێویست بوو. پاش ئه‌م بڕیاره ئایه‌تووڵا خامنه‌یی هه‌رچی زیاتر له قۆڵی توندئاژۆی ناوده‌سه‌ڵات نزیک بووه‌وه و پانتایی ده‌سه‌ڵاتی خۆشی به‌رینتر کرده‌وه. ئایه‌تووڵا خامنه‌یی به هۆی هه‌ردوو دۆسیه‌ی ئامیا و میکۆنۆس/ه‌وه له لایه‌ن ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییه قه‌زاییه‌کانه‌وه له ژیرچاوه‌دێریدایه. ناو براو له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1384 و 1388/ی هه‌تاویدا له مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نژاد پاڵپشتی کرد. هه‌روه‌ها له ناو خه‌ڵکدا به‌وه تاوانباره که جڵه‌وی ئه‌و کوده‌تایه‌ی له ده‌ستدایه، که ئاکامی سه‌رله‌نوێی سه‌رکۆماری ئه‌حمه‌دی نژادی لێکه‌وته‌وه.
سه‌یید هادی خامنه‌یی مامی سه‌یید موجته‌با یه‌کێک له تێکۆشه‌رانی پێش شۆڕش و ریفورمخوازانی پاش شۆڕش/ه. ناوبراو یه‌کێک بووه له ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری مه‌جمه‌عی رووحانیونی خه‌باتگێڕ، که له ساڵی 1372/ی هه‌تاویدا رۆژنامه‌ی جیهانی ئیسلام وساڵی 1379/ی هه‌تاوی رۆژنامه‌ی حه‌یاتی نوێ/ی بڵاوده‌کرده‌وه. ئه‌م رۆژنامه‌یه له لایه‌ن دادگای تایبه‌ت به روحانیه‌ته‌وه داخرا. جێگای ئاماژه‌یه که بانگهێشتی ناوبراو بۆ دادگا له پێوه‌ندی له گه‌ل دۆسیه‌ی شارام جه‌زایری و به هۆی وه‌رگرتنی 500 میلیون تمه‌ن، له ناو کۆڕوکۆبوونه‌وه سیاسییه‌کاندا هه‌رایه‌کی زۆری لێکه‌وته‌وه.
پووری سه‌یید موجته‌با واته سه‌ییده به‌دری، هاوسه‌ری شێخ عه‌لی تارانییه که مه‌لایه‌کی تێکۆشه‌ری سه‌رده‌می سۆڕشی ئیسلامی و ئه‌ندامی مه‌جلسی خوبره‌گانی رێبه‌ریی بووه بۆ شاری مه‌شهه‌د که پاش شۆڕش، به‌ره‌به‌ر له مه‌لاکانی ده‌سه‌ڵاتدار کشایه‌وه و له خاکه‌لێوه‌ی 1363/ی هه‌تاویدا، هه‌ڵهات و رۆشته وڵاتی عێراق که له‌و سه‌رده‌مه‌دا له گه‌ل ئێران له کاتی شه‌ڕدا بوو. ناوبراو له‌و وڵاته‌دا په‌نابه‌ریی سیاسی وه‌رگرت. پاشان له مانگی گوڵانی 1364/دا پووره‌که، واته؛ به‌دری حه‌سه‌ینی خامنه‌یی له گه‌ل سێ کچ و دوو کوڕه‌که‌ی به شیوه‌ی نایاسایی و به‌ناو به‌ره‌کانی شه‌ڕدا رۆشتنه عێراق و گه‌شتنه لای شێخ عه‌لی تارانی. پاش ماوه‌یه‌کی درێژ و له سه‌رده‌می شه‌ڕی خه‌لیج/دا ناوبراو له‌گه‌ل بنه‌ماڵه‌که‌یدا، له‌سه‌ر زه‌مانه‌تی ئایه‌توولا خامنه‌یی گه‌ڕایه‌وه بۆ ئێران.
برا گه‌وره‌که‌ی، واته حجت الاسلام و المسلمین سه‌یید مسته‌فا خامنه‌یی، یه‌کێک بووه له شاگرده‌کانی باوکی و ئایه‌تووڵا موجته‌هیدی و ئایه‌تووڵا شاهروودی. ناوبراو خاوه‌ن بنه‌ماڵه‌یه و خێزانه‌که‌ی کچی ئایه‌تووڵا عه‌زیزی خوشوه‌قت/ه که مه‌لاێه‌کی سه‌ربه قۆڵی راستی یاریده‌ری ئه‌حمه‌دی نژاده. برابچووکه‌که‌ی واته حجت الئیسلام سه‌یید موحسێن خامنه‌ییش، یه‌کیک بووه له شاگرده‌کانی باوکی و ئایه‌تووڵا خه‌ڕازی و ئایه‌تووڵا موجته‌هیدی و ئایه‌تووڵا شاهروودی. خێزانه‌که‌ی کچی ئایه‌تووڵا خه‌ڕازییه که ده‌بێته خوشکی سادق خه‌ڕازی. دوو خوشکه‌که‌شی واته بوشرا و هودا ده‌رچووی قوتابخانه‌ی ره‌فا/هن. کچه گه‌وره‌که‌ی بنه‌ماڵی بوشرا، خێزانی کۆره‌که‌ی ئایه‌تووڵا گوڵپایه‌گانییه، که به‌رپرسایه‌تی ده‌فته‌ری رێبه‌ری نیزامی له ئه‌ستۆدایه.
سه‌یید موجته‌با پاش شۆڕش
کاتێک شۆڕش سه‌رکه‌وت موجته‌با هێشتا منداڵ بوو. بنه‌ماڵه‌ی خامنه‌یی وه‌کوو بنه‌ماڵه‌ی ما‌لا گه‌وره‌کانی نێو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات چوونه ژێر تۆڕی چاوه‌دێریی زیاتر. تا کاتی تێرۆره‌کان له گه‌ل بنه‌ماڵه‌که‌ی له شه‌قامی ئازه‌ربایجاندا ده‌ژیا. به‌ڵام پاش تێرۆره‌کانی سازمانی موجاهیدین بنه‌ماڵه‌ی رێبه‌ری هه‌نووکه‌ی نیزام، پارێزگارییه‌کی قایمتریان بۆ دابینکرا. تا ئه‌و کاته‌ی باوکی بووه سه‌رۆک کۆمار، سه‌یید موجته‌با له‌گه‌ل بنه‌ماڵه‌که‌ی له (شه‌قامی) پاستۆردا ده‌ژیان. له‌م کاته‌دا و له ساڵی 1366/ی هه‌تاویدا توانی خویندن ته‌واو بکات. به پێی وته‌ی که‌سانی نزیک به‌م بنه‌ماڵه‌یه، ناوبراو له‌گه‌ل برا گه‌وره‌که‌ی واته سه‌یید موسته‌فا، خاوه‌نی رابردووی رۆشتنه به‌ره‌کانی شه‌ڕن. سه‌یید موجته‌با له گه‌ل میهدی هاشمی نێردران بۆ به‌ره‌کانی شه‌ڕ و سه‌ردار فه‌زلی و نوورعه‌لی شووشتری ئه‌وه‌یان واژۆ کردووه. پاش کۆتایی شه‌ڕ و کۆچی دوایی رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی، ئایه‌تووڵا خامنه‌یی بووه رێبه‌ر. له‌و کاته‌وه تا ئێستا ئایه‌تووڵا خامنه‌یی پێشی به‌وه گرتووه که منداڵه‌کانی له پێش چاوی خه‌ڵکدا ده‌رکه‌ون. راده‌ی قایم بوونی پارێزگاریی له‌م بنه‌ماڵه‌یه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که ته‌نانه‌ت خه‌ڵک نه‌زانن که رێبه‌ر چه‌ند منداڵی هه‌یه. له بنه‌ڕه‌تڕا، که‌س نه‌یده‌زانی که ئایا کوڕه‌کانی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی ده‌ستیان له کاروباری سیاستدا هه‌یه یان نه؟ تا ئه‌وکاته‌ی که ناتیق نووری له ساڵی 1384دا په‌رده‌ی له سه‌ر تێکۆشانه سیاسییه‌کانی سه‌یید موجته‌با هه‌ڵدایه‌وه.
سه‌ره‌تای تێکۆشانی سیاسی
هه‌رچه‌ند ده‌ڵین که سه‌یید موجته‌با پێش ساڵی 1384/یش تێکۆشانی سیاسی هه‌بووه، به‌ڵام له‌م پیوه‌ندییه‌دا به‌ڵگه‌یه‌ک به ده‌سته‌وه نییه. ناوبراو له ساڵی1383 و 1384/ی هه‌تاویدا و له گه‌رمه‌ی پڕوپاگه‌نده‌کانی هه‌ڵبژاردندا، چووه که‌مپه‌ینی قاڵیباف و ئه‌حمه‌دی نژاد و له ئاکامیشدا بۆ ناوبراو تێده‌کۆشا. ئه‌م کرده‌وه‌یه سه‌ره‌تا بووه هۆی هه‌ڵبڕینی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ناتیق نووری و پاشان یه‌کێک له پاڵێوراوانی سه‌رۆک کۆماریی، واته میهدی که‌ڕووبی. میهدی که‌رووبی له نامه‌یه‌کدا که رۆژی 29/ی جۆزه‌ردان بۆ رێبه‌ری نووسیبوو له په‌ناوه شکایه‌تی له کرده‌وه‌کانی سه‌یید موجته‌با کردبوو؛ "سه‌ره‌ڕای شه‌فافییه‌ت له بۆچوونه‌کانی جه‌نابتاندا، هه‌واڵگه‌لێک سه‌باره‌ت به پاڵپشتی کوڕه به‌ڕیزه‌که‌تان ـ ئاغا سه‌یید موجته‌با ـ له یه‌کێک له پاڵێوراوان بڵاو بووه‌ته‌وه. پاشانیش بیستم که یه‌کێک له گه‌وره‌کان، به به‌ڕێزتانیان وتبوو که " ئاغازاده‌ی به‌ڕێزتان له فڵانه که‌س پاڵپشتی ده‌کات" و ئێوه‌ش فه‌رمووبووتان " ئه‌و ئاغایه، نه‌ک ئاغا زاده" و به هه‌ر حاڵ ده‌رکه‌وت که پاڵپشتییه‌کان بیرووڕای تایبه‌تی ئاغا موجته‌با بووه.
له‌هه‌مان کاتدا هه‌واڵگه‌لێک سه‌باره‌ت به تێکۆشانی ناوبراو به قانزانجی یه‌کێک له پاڵێوراوان ـ که سێ رۆژ پێش هه‌ڵبژاردن ئه‌ستێره‌ی به‌ختی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و ده‌رگای ره‌حمه‌ت به‌ره‌و که‌سێکی دیکه کرایه‌وه ـ و ته‌نانه‌ت هاتووچۆ بۆ بنکه‌ی پڕووپاگه‌ندی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پاڵێوراوه‌ش بڵاو بووه‌وه. به‌ڕێزتان به‌باشی ده‌زانن که ده‌ستتێوه‌ردانی هه‌ڵنه‌سه‌نگێندراوی هه‌ندی له به‌رپرسانی رۆحانی و سیاسی له سالانی رابردوودا، ئاکارگه‌لێکی نه‌رێنیی به‌ربڵاوی بۆ وه‌ڵات و نیزام به‌دواوه بووه. به‌و هۆیه‌وه به‌نده، به دڵپاکیی و رێز و دڵسۆزی بۆ به‌ڕێزتان داواده‌که‌م؛ رێگا مه‌ده‌ن ئه‌زموونێکی دیکه له سه‌ر ئه‌زموونه‌کانی پێشوو که‌ڵه‌که بێت. چوون به‌ڕێزتان جیێگری ئیمامێکن که کاتێک له کاره‌ساتێکدا که‌سانێک ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاو ده‌کرده‌وه؛ که ره‌حمه‌تی، ئایه‌تووڵا حاج مسته‌فا خومه‌ینی بووه‌ته هۆی سازبوونی جۆره به‌ربه‌ستییه‌ک له رێگای پیوه‌ندی خه‌ڵک و ئیمامدا، سه‌ره‌ڕای جێ و شوێنی فیکریی و فیقهی ره‌حمه‌تی بڕیاری ده‌دا که " ئه‌وان ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌و کارانه‌ی که پیوه‌ندییان به منه‌وه هه‌یه، نه‌که‌ن"
قسه‌کانی که‌ڕووبی بووه هۆی ئه‌وه که ته‌وژمی ده‌نگۆ، له ده‌ورووبه‌ری سه‌یید موجته‌با ئه‌وه‌ند به‌رز بێته‌وه که هه‌واڵی راست له درۆ جوێ نه‌کرێته‌وه. هه‌ندێک له‌مباره‌وه ده‌ڵێن که سه‌ردار حه‌جازی و ئاغای وه‌حید که هه‌مه‌کاره‌ی ده‌فته‌ری رێبه‌رین بۆ خۆیان نۆکه‌ری سه‌یید موجته‌بان. ئه‌و له رێگای سه‌رچاوه‌کانیه‌وه ده‌ڵێت؛ که سه‌یید موجته‌با زۆربه‌ی کرده‌وه‌کانی به پاڵپشتی له گه‌ل گرووپه ئیتلاعاتییه‌که‌ی دژ یان به قانزانجی به‌رپرسانی ناو ده‌سه‌ڵات به‌ئه‌نجام ده‌گه‌ێنن. ده‌نگۆکان تا ئه‌و راده‌یه چوونه پێشێ، که ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنی فه‌رمانده‌کانی هێزی چه‌کداری یان ته‌نانه‌ت سیاسه‌ته سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌سه‌ڵات به سه‌یید موجته‌باوه ده‌به‌ستنه‌وه. ده‌گوترێ که ناوبراو له گه‌ل شۆرای فه‌رمانده‌رانی سپادا پێوندییه‌کی قووڵی هه‌یه و خاوه‌نی کاریگه‌رییه‌کی باڵایه له ناو توێژه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی بواری سیاسی و چه‌کداری وه‌ڵاتدا. به‌و جۆره‌ی که له کۆڕوکۆبوونه‌وه‌کاندا باس ده‌کرێت؛ ناوبراو له ساڵی 1384/ه‌وه بووه‌ته موجته‌هید و ده‌ره‌جه‌ی ئیجتیهاده‌که‌شی له لایه‌ن ئایه‌تووڵا موسباح یه‌زدییه‌وه واژۆ کراوه. ئایه‌تووڵا خامنه‌یی له کۆڕێکی دۆستانه‌دا له ساڵی 83ـ 84/دا هه‌واڵی بوونه موجته‌هیدی کوڕه‌که‌ی راگه‌یاندبوو. به‌ڵام راده‌ی خوینه‌واری سه‌یید موجته‌با جگه له به‌شداری له کۆبوونه‌وه‌کانی وانه وتنه‌وه‌ی باوکی و ئایه‌تووڵا شاهروودی و ئایه‌تووڵا موجته‌هیدی تارانی و ئایه‌تووڵا خه‌ڕازی له تاران‌دا، له ساڵی 1378/ه‌وه چووه‌ته قوم و له حه‌وزه‌ی عیلمیه‌دا ده‌رباز بووه‌و له ده‌وره‌ی به‌رزی حه‌وزه‌ویدا خویندوویه‌تی. له ئوستاده‌کانی قوم جگه له‌م ئایاتانه؛ موسباح، خه‌ڕازی و سافی، هه‌واڵێکی دیکه له‌ده‌ستدا نییه.
موجته‌بای خامنه‌یی و کووده‌تای هه‌ڵبژاردن
پاش 22/ی جۆزه‌ردانی ئه‌م ساڵ و بڵاوبوونه‌وه ناوی ئه‌حمه‌دی نژاد وه‌ک سه‌رکه‌وتووی هه‌ڵبژاردن، ناوی موجته‌با زیاتر له هه‌میشه به‌رگوی ده‌که‌وت. ئه‌م جاره باس له‌وه ده‌کرا که له‌ودیوی کووده‌تاکه‌وه، که بووه هۆی سه‌رکه‌وتنی ئه‌حمه‌دی نژاد، سه‌یید موجته‌با و پاڵپشتیی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی له پشت بووه. به‌ڵام هۆی ئه‌وه‌ی که ئایه‌تووڵا تێده‌کۆشێ به سازکردنی گرووپێکی نوێ له موجته‌هدینی گه‌نج، به یارمه‌تی ناوه‌نده‌که‌ی ئیمام موسباح یه‌زدی، مه‌جلسی خوبره‌گان به ده‌ست گه‌نجگه‌ڵێکه‌وه بسپێرێت که له گه‌ل کوڕه‌که‌ی ته‌بان و له لایه‌کی دیکه‌وه کوڕه‌که‌ی وه‌ک جێگر بۆ پاش مردنی خۆی ئاماده بکات. هه‌روه‌ها له‌به‌ر شێوه‌ی روانینی سه‌یید موجته‌با و ئایه‌تووڵا خامنه‌یی، ئه‌وان ده‌ستایان دایه کارگه‌لێک که موهندیس موسه‌وی، که هه‌لبژارده‌ی خه‌ڵک بوو؛ نه‌توانێت ببێته سه‌رۆک کۆمار و مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نژاد بۆ گه‌یشتن به‌و شته‌ی ده‌یانهه‌وێت، واته پێشگیری له ده‌سه‌ڵاتگرتنی موشارکت و سازمانی موجاهیدین ده‌ستی به‌و کورسییه بگات.
به‌لام سه‌رچاوه‌یه‌کی حه‌وزه‌وی له شاری قوم/دا له‌مباره‌وه ده‌ڵێت؛ هه‌رچه‌ند ئه‌م شتانه ئه‌مرۆ ده‌نگۆیه به‌ڵام ره‌نگه دواتر وه‌ک واقیع ده‌ربچن. ئه‌وه‌ی که سه‌یید موجته‌با بتوانێت پاش رێبه‌ریی له لایه‌ن خوبره‌گانه‌وه دیاری بکرێت؛ له حاڵی حازردا وه‌ک گاڵته ده‌چێت. چوون زۆربه‌ی ئه‌ندامانی خوبره‌گان به‌م پۆسته نزیکترن. به‌ڵام دووریش نییه به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که له‌م کاته‌دا، ئایه‌تووڵا خامنه‌یی تازه پێی ناوه‌ته 70 ساڵییه‌وه و نه‌خۆشییه‌کی چاره‌سه‌رنه‌کراوی ئه‌وتۆی نییه؛ له ساڵانی داهاتوودا زیاتر له‌مه خۆی ده‌ربخات و بیه‌وێت ئه‌م ده‌نگۆیانه وه‌ڕاست گه‌ڕێت. راگه‌ێنه‌کان عاده‌تیانه هه‌ندێ که‌س گه‌وره بکه‌نه‌وه، ئه‌وه‌نده که دواتر بۆ خۆشیان لێی ده‌ترسێن. نمونه‌که‌ی موسباح یه‌زدییه و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش سه‌یید موجته‌با "به بڕوای من ئاخێزی هه‌نووکه‌یی سه‌یید موجته‌با بۆ پۆستی رێبه‌ری ته‌نیا ده‌نگۆێکه" پاشان ده‌ڵێت؛ ساڵی 1387/دا بوو که موجته‌با هاته قوم، ئه‌وکاته ته‌نانه‌ت عه‌مامشی به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو، چۆن ده‌کرێت له‌م ماوه کورته‌دا ده‌ستی به‌م روتبه‌یه گه‌شتبێ؟ کام ئه‌قڵی سالم ئه‌مه‌ی بۆ قه‌بووڵ ده‌کرێت؟ ئه‌مانه ده‌نگۆگه‌لێکه که خه‌ڵک بۆ خۆی سازی ده‌کات. ئه‌گینا به‌لانی زۆره‌وه، ته‌نیا حجت الئیسلامێکه.
سه‌یید موجته‌بای حه‌سینی خامنه‌یی له ساڵی 1378/دا له گه‌ل کچه‌که‌ی غوڵامعه‌لی حه‌دادی عادل که ئه‌و کاته ته‌نیا مامۆستای زانستگا و ئه‌ندامی فه‌رهه‌نگستان بوو؛ زه‌ماوه‌ندی کرد. حه‌داد عادل له‌باره‌ی چۆنیه‌تی زه‌ماوه‌ندی کچه‌که‌یه‌وه ده‌ڵێت؛ خێزانی ریبه‌ری، یه‌که‌م جار ساڵی 1377/ی هه‌تاوی کاتێک که کچه‌که‌ی 17/ی ساڵی ته‌مه‌ن بووه، خوازبێنی لێکردوون. ئه‌گه‌رچی کچه‌که‌یان پێ باش ئه‌بێت؛ به‌ڵام ئیستخاره‌که‌ی باش ده‌رناچێت و به‌م هۆیه‌وه زه‌ماوه‌نده‌که سه‌رناگرێت. ساڵێک دواتر دیسان خوازبێنی ده‌که‌ن. دایکی سه‌یید موجته‌با کچه‌که‌ی به که‌یفێ ده‌بێت، جارێکی دیکه ئیستخاره ده‌کات و چوون ئیستخاره‌که باش ده‌ردێت، دێنه خوازبێنی" پاش کاره سه‌ره‌تاییه‌کان، رۆژێک کوڕه‌که‌ی ئاغا و دایکی به قه‌واره‌یه‌ک پارچه‌وه که وه‌ک دیاری بۆ بووکیان هێنابوو، هاتن و باسمان کرد و پاش رۆشتنی ئاغا موجته‌با، رای کچه‌که‌م پرسی، کچه‌که‌ش رازی بوو. پاش چه‌ند رۆژ به خزمه‌تی ئاغا گه‌شتین. ئاغا فه‌رموویان، ئاغای دوکتۆر! خه‌ریکه ده‌بینه خزم. گوتم؛ چۆن؟ گوتیان ماڵه‌وه هاتن و به‌دڵیان بووه و له قسه‌وباسه‌کانیشدا به ئاکامی ته‌وا گه‌شتوون. ڕای ئیوه چییه؟ وتم ئاغا! رای ئێمه‌ش له‌ده‌ست جه‌نابتاندایه. ئاغا فه‌رموویان؛ نه! ئیوه، دکتۆر و مامۆستای زانستگان و خێزانیشتان هه‌ر به‌و شێوه‌یه. ژیانی ئێوه له‌باره. به‌ڵام ژیانی من وانییه. ئه‌گه‌ر بمه‌وێت هه‌موو ژیانه‌که‌م باربکه‌م، جگه له کتێبه‌کانم ، وانێت بارێک ده‌بێت. ئێره‌ش دوو دیوه‌خان و به‌رهێوانێک ده‌بێت که ئاغایان و به‌رپرسان دێن و له‌وێدا چاویان پێمده‌که‌وێت. من پاره‌م نییه ماڵ بکڕم. ماڵێکم به‌کرێ گرتووه له نهۆمێکیدا مسته‌فا و له نهۆمه‌که‌ی دیکه‌شیدا موجته‌با ده‌ژی. له‌گه‌ل کچه‌که‌ت قسه بکه نه‌کا هه‌ست بکات؛ ئێسته که ده‌بێته بووکی رێبه‌ر، شتێک به خه‌یاڵیدا ختوور بکات. ئێمه به‌م شێوه‌یه ده‌ژین، به‌ڵام ئێوه ژیانێکی تا راده‌یه‌ک باشتان هه‌یه. ئێسته ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیانه‌وێت بێنه ناو ژیانێکی له‌م چه‌شنه، تۆزێک زه‌حمه‌ته."
حه‌داد عادڵ پاشان ئاماژه به ژیانی ساکاری کچه‌که‌ی له قوم‌دا ده‌کات، ئه‌وه‌ی که زه‌ماوه‌ندی کچه‌که‌ی له‌وپه‌ڕی ساده‌ییدا به‌ڕێوه چووه و ته‌نانه‌ت حه‌ڵقه‌ی بووکێنییه‌که‌ی هی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی بووه. به ره‌وایه‌تی حه‌داد، زه‌ماوه‌نده‌که ئه‌وه‌نده ساده بووه که " ئاغای خامنه‌یی شامی به‌ر نه‌که‌وت و ئه‌وان شه‌وی زه‌ماوه‌ند ته‌نیا له‌ته نانێکیان خواردووه"! چیرۆکی نانی شه‌وی زه‌ماوه‌نده‌که‌ی موجته‌با خامنه‌یی، وه‌ک چیرۆکی بلۆکه بوونی یه‌ک میلیارد و شش سه‌د میلیون دۆلار له حه‌سێبه‌که‌یدا له شاری له‌نده‌ن، که له‌م ماوه‌یه‌دا له‌لایه‌ن هه‌ندێ سایته‌وه باسی لێده‌کرێت ـ به‌شێکن له‌و رازانه‌ی که وه‌ک رازه‌کانی دیکه‌ی ژیانی سیاسی له ئێران‌دا ده‌بێت رۆژێک په‌رده‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵدرێته‌وه.
سه‌رچاوه:
1. ئه‌م وتاره له روز آنلاین، ایران امروز و چه‌ند ماڵپه‌ڕێکی دیکه به فارسی بلاوبووه‌ته‌وه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر