یکشنبه، فروردین ۱۷، ۱۳۹۹

بیرەوەری

ئەمڕو بەداخەوە، بیستم كە حاجی كانی سانانی كۆچی دووایی كردووە. هەڵبەت ماوەیەك ئەبێت; كە بیستبووم، نەخۆشە و بە داخەوە، بە نەخۆشی شێرپەنجە گرفتار بووبو و لە ژێر دەرماندا بووە. بۆ ماوەیەك قووڵ، بە ناو ناخی خۆمدا شۆڕ بوومەوە. ئەم رۆژانە، رۆژانێكی باش نییە و پەتای كرۆنا، هەموو دونیای خزاندووەتە ناو ماڵەوە. هەستم كرد، لەو فەزایە، كەڵك وەربگرم و یەكێك لە بیرەوەرییەكانم، بنووسمەوە. دەمتوانی بە تەلەفوونیش ئەوبیرەوەرییەت بۆ باس بكەم، بەڵام گێڕانەوەی بیرەوەری  بە تەلەفوون، خراپییەكەی ئەوەیە، جگە لەوەی مرۆڤ ناتوانێت، قووڵایی رووداوەكان باس بكات، دواتریش،  خزن نابێت و پاش ماویەك لە بیر دەچێتەوە. ئێمە پێشتریش ئەم كارەمان كردبوو. لە گێڕانەوەی رووداوەكاندا، وەك كوورد دەڵێ هەندێ درێژدادڕییم كردووە. ئەو بەشە زیاتر لەبەر حافزەی خۆمە. چوون هەست دەكەم، زۆرێك لە ناوكان و شوێن و یادگارییەكانم خەریكە، لێ بزر دەبێ و لەبیر دەچێتەوە. بۆییە، بۆ ئەوبەشەی داوای لێبووردنم هەیە. لە لابەلای بیرەوەرییەكەدا، هەندێك، باسی مێژووییش دەگێرمەوە، ئەم باسكردنە مێژووییانە، رەنگە ماندووت بكات. چوون تۆ لە من گەورەتری و بۆ خۆت بەشێك بوویی لەو مێژووە. بەڵام لەبەر ئەوە بە وردی دەیانگێڕمەوە، كە رەنگە جگە لە خۆمان، نەوەكانی دوای خۆمان، یان كەسانی گەنجتر لەئێمە دواتر، چاویان بەم نووسراوانە بكەوێت; و بیخوێنەوە. پێم وایە بۆ ئەوان سوود بەخش دەبێت. لە كۆتایی دا ئەوەش زیاد بكەم، ناوی یەكێك لە كەسەكانم بە (ف م) هێناوە، كە لە درێژەی بیرەوەییەكەدا بۆت دەر دەكەوێت، كە مەبەستم لە كێیە. وەك من بزانم، بەداخەوە، ساڵانێكی دوور و درێژە كە بێ سەروشوێنە. خاوەن ژن و وابزانم دوو منداڵ بوو، كە لەبەر پاراستنی كەرامەتی ئینسانی خۆیی و ژن و منداڵەكانی لە ناوهێنانی راستەو خۆی، ناوەكەی، خۆم پاراستووە.
 لێرەدا، دەگەڕێمەوە بۆ سەر بیرەوەرییەكەی كاك حاجی كانی سانانی.  لە منداڵیدا تۆزێك ئەو ناو، بەلامەوە بەڵاجەوی بوو. كاتێك وتیان دادە پرشنگ، خوشكی حەیدەر ومەنسوور، مێردی بە حاجی كردووە، بەلامەوە سەیر بوو. هەستم دەكرد، غەدرێكی گەورەیان،  لە دادە پرشنگ كردووە. لە ناخودائاگای مندا، حاجی، پیاوێكی دەوڵەمەندی پیری بەساڵدا چوو بوو.  رۆژی زەماوەندەكەم لە بیر دێت. هەرچەند ساڵەكەی نازانم. بەڵام ئەوەندە ئەزانم، كە ئێمە بۆ ئەو زەماوەند دەعوەت نەكرابووین. بەڵام من لەبەر هاوڕێیەتی و نزیكی قووڵم لە گەل حەیدەر، خاڵ فاتم لە مەجمعەیەك دا، چێشت و گۆشت و برنجی پێداین و لە سووچێكی حەوشەكەدا،  خواردمان. برازاواكان هاتن و دادە پرشنگیان گواستەوە. بەڵام من چاوم بە حاجی نەكەوت.
ساڵی ١٣٥٨/ی هەتاوی، كوتاییەكانی گەڵاڕێزانی ئەو ساڵە، دیسان شار كەوتەوە دەستی هێزە سیاسییەكان. حكومەت لەشارەكان كشایەوە و لایەنگیرانی حكومەت، لە شار و گوندەكان هەڵهاتن و لە كرماشان و شارەكانی دیكەی ژێردەسەڵاتی حكومەت گرسانەوە. جگە لە هێزە سیاسییەكان، لە ناوچە باكوورییەكان و لەوانە شارەكانی سنە و مەریوان، بنكەكان، شارەكانیان بەڕێوە دەبرد. فكری بنكەكان، نازانم سەرەتا لە لایەن كام یەك لە هێزە سیاسییەكانی ئەو كاتەوە، هاتە ئاراوە. بەڵام زیاتر كۆمەڵە  و فیدایی، پاڵپشتیان دەكرد. ئەندامانی بنكەكانیش، زیاتر ئەندامی ئەو هێزانە و بە تایبەت كۆمەڵە بوون. حیزبی دیموكرات بڕوای بە بنكە نەبوو و خۆی تێ هەڵنەدەقورتان. هەڵبەت بە گشتی، دیموكرات لەو ناوچانە زۆر بە دەسەڵات نەبوو. پێم وایە; ئەو فیكرە، واتە گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ شۆراكان، لە شۆڕشی سوسیالیستییەوە سەرچاوەی گرتبوو.
 لەو سەردەمەدا بۆ ماوەیەك حەمامەكانی شار داخرابوون.  رەنگە لە بەر بێ سووتەمەنی  و ئەویش لە بەر ئەو حسارەوە بوو كە لە لایەن حكومەتەوە خرابووە سەر كوردستان. ئێمە لە ماڵەوە جگە لە سەرەشۆرگە، شوێنێكی دیكەمان، بۆ خۆ شۆردن نەبوو. بۆیە، بۆ حەمام كردن، دەڕۆشتم بۆ ماڵ حەیدەر. حەمامەكەی ئەوان بە نەوت كاری دەكرد و من لە گەل خۆم نەوتم دەبرد و لە حەمامەكەی ئەوان، خۆم دەشۆرد. ئەو كاتە پێوەندییەكان وا بوو. تا ئەو رادەیە تێكەڵ بووین. هەڵبەت نەخشی خاڵ فاتم و میهربانی و دڵسۆزییەكەی ئەو نەبوایەت بەو ئاسانییەش نەبوو. لە یەكێك لەو رۆژانەدا، بە گاڵۆنێك نەوتەوە، رۆشتم هەتا لەو حەمامەدا خۆم  بشۆوم. زەنگی دەركەم لێدا و دەركەكەیان بۆ كردمەوە. مەنسوور لەسەر پلەكانەی بەردەم هیوانەكە راوەستابوو. لە راستیدا ئەو دەركەكەی بە كارەبا كردبووەوە. هێشتا ماڵە كۆنەكەیان بوو. دەركەكە بە تەنیا دەكرایەوە، ئایفۆن نەبوو و قسەی نەدەكرد. لە داڵانێك دەڕۆشتیە ژوورە و لە حەوشەكەدا، لە پشت دووكانەكەی قانێع هوشیاریەوە، حەمامێك ساز كرابوو. لە لای راستی دركەكەشەوە، لە پشت دووكانەكەی ئاغە براوە، مەنسوور تاریكخانەیەكی ساز كردبوو. لەو تاریكخانەیەدا، نیگاتیڤی فیلمەكانی دەكردە وێنەی رەش و سپی. چەند وێنەیەكی رەش و سپی خۆمان، كە فیلمەكانی لە هێڕشی سووتاندن رزگاری بووبوو، لەو تاریكخانەیەدا چاپ كراوەتەوە و لە فەوتان رزگای بووە. بنەماڵەی ماڵی مەحموود بەگ هەموویان، فەنی بوون. هەر لە كاك شەریفەوە كە لە بیرمە بە مۆتۆری ئاش، ماشینێكی ساز كردبوو. هەتا كاك مەجید و مەنسوور و نەختێكیش حەیدەر.  پێش ئەوەی بڕۆم و نەوت بكەمە دیوترمی حەمامەكەوە، لە مەنسوورم پرسی: ئەرێ راستە ئەڵێن، ماڵی حاجی زاواتانیان بڕیووە. مەنسوور وتی: ئەرێوەڵا راستە. من وتم: رەنگە بۆ بەد ناو كردن پێشمەرگە بێت. مەنسوور رەتی كردەوە. من وتم: ئەو (ف م)ەش، دوێنی بەڵایەكی بە سەر ئەو ماڵەدا ... مەنسوور خێرا قسەكەی پێ بڕیم وتی: كام ماڵ. من وتم: باش نازانم، بەڵام رەنگە ماڵ تایەر بەگ بێت ...منسوور نەی هێشت من قسەكەم تەواو بكەم، وتی: خۆیەتی. وتم: چی خۆیەتی. مەنسوور وتی: ماڵ كاك حاجی. من گاڵۆن نەوتەكەم داناو رووداوەكەم گێڕایەوە:
رۆژێك پێشتر، لە سەرووی ماڵ خۆمان بوو بە تەقە. جاروو بار، ئەوشتە رووی دەداو دەیانگووت; جاشكان خۆیان حەشار داوە و تەقە دەكەن. لە بنكەكانەوە دەهاتن وپشكنینان دەكرد. بۆ ئەو رووداوەش چەند كەسێك هاتن. (ف م) و مەحییە محموودیشیان لە گەل بوون. من و خالید مەجیدیش رۆشتین. لە كۆڵانەكەی ماڵی شێخ لەتیف، برای شێخ برا و شێخ عەبدوولەوە، پلەكانێیەكیان هەڵخستبوو. من. و خالید، پاش ئەوەی ئەوان نەهاتنە دەرەوە سەركەوتین. سەربانەكە تەنیا مەحییە و (ف م)ی لێ بوو و دەیان وت، لەم ماڵەوە تەقە كراوە. فایەق دەی وت: بڕۆینە ماڵەوە. ئێمە هەر سێكمان، رامان ئەوە بوو;  كەس لەماڵ نییە ونابێ بڕۆینە ژوورەوە. بەڵام (ف م)، گوێی نەدا و پەڕییە ناو حەوشەكە. حەوشەیەگی گەورە بوو. بە چەند پلە دەچووە بەرهیوانی ئەو ماڵە، كە پەنچەرەكانی ئاسن و پەردەكانی دادرابوونەوە و وادیار بوو; كە لەو كاتەدا كەس لە ماڵ نەبوو. ئێمە لەسەر بانەكە قسەمان دەكرد. لە راستی دا هەر سێكمان ئەو كردەویەمان پێ هەڵە بوو و لەسەر ئەو شێوە، كردەوانە قسەمان دەكرد. (ف م) سەری بە شوشەی یەكێك لە پەنجەرەكانەوە نا.  پاشان بە شەق شووشەكەی شكاند و رۆشتە ژوورەوە. ماوەیەكی زۆری خایاند و لە (ف م) خەبەرێك نەبوو. چەند جار بانگمان كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. سەرئەنجام ئێمەش پەڕینە ناو حەوشەكەو و لە رێگای شووشە شكاوەكەوەكەوە، رۆشتینە ژوورەوە. ماڵێكی سێ قسمەتی بوو. كە دەركەی هاتووچۆی ماڵەكە، لە كۆڵانی پشتەوە بوو. (ف م) هەموو ماڵەكەی شێواندبوو. دیوەكان، پەستوویان هەبوو. جێبان و شتوومەكی تایبەت لە پەستووی ماڵەكەدا بوو. ئێمە رەخنەكانمان بۆ سەر (ف م) زیاد كرد. ئەو هەر لە پەستووی یەكێك لە ژوورەكان خەریكی پشكنین بوو. لە ئاكامدا هاتە دەرەوە و جووتێ كڵاش و سەرەنێزەی تفنگێك، كە پێم وابوو، تفەنگی ژێ سێ بوو، هەڵگرت و ویستی لە گەل خۆی بیانهێنێ. (ف م) دەی وت; ئەمەوێت بە قازانجی شۆڕش موسادەرەیان بكەم. بەڵام ئێمە پێمان دانایەوە. هاتینە دەرەوە. مەحییە رووەو دەفتەری فیدائی رۆشت. (ف م)یش، هەتا پێش ماڵ ئێمە لە گەل من و خالید هات و پاشان لە ئێمە جیا بووەوە.
وازم لە حەمام كردن هێنا. مەنسوور بردمی بۆ ماڵ كاك حاجی. هەر هەمان خانوو بوو. جووتە كڵاشەكە و سەرەنەیزەكە لە شوێنی خۆی دانرابوو. ماڵەكە ماتەمی لێ دەباری. چاوم بە دادە پرشنگ كەوت و بە شەرمەوە، سڵاوم لێ كرد. بیری دوێنێ كەوتمەوە و شەرم دای گرتم. دادە  پرشنگ وتی; حاجی رۆشتوو، بۆ بنكەی سێی خەرمانان. من و منەنسووریش بەرەو ئەو بنكەیە كەوتینە رێ. بنكەی سێی خەرمانان، كە بە ناوی رۆژی شەهید كردنی مامە فایەق و هەشت شەهیدەكەی پادگانی مەریوانەوە ناو نرابوو، زۆر دوور نەبوو. نزیك ماڵی سەیید حەمە رەحیم زەڕ ئەفشان، ماڵێكی كۆنە و نزم، بۆ ئەو بنكەیە تەرخان كرابوو. پێم وایە ماڵی سەقایارەكان بوو. واتە باوكی سدێق وشك. لە رێگادا و لە پشت ماڵی سەی ئەسكەر، تووشی كاك حاجی بووین. وەك كورد دەڵێن; رێنكی دابوو. سەری بۆ زەوی شۆڕ بووبووە و بێ هیوا وهومێد بەرەو ماڵەوە دەڕۆشت. بۆ یەكەم جار بوو كە كاك حاجیم دەدی. هەرگیز هەستم نەدەكرد، سیما و رواڵەتی بەو شێوەیە بێت. كاك حاجی بەدەنگی مەنسوور راچڵەكی و چاوێكی بە مندا خشاند. مەنسوور وتی; كاك حاجی; ئەرسەلان ئەو كەسانە ئەناسێت كە رۆشتوونەتە ناو ماڵەكەی ئێوە. كاك حاجی وتی; وەرە مەنسوورگیان فایدەی نییە. هەرچەند دڵی پێوە نەبوو، بەڵام قانیعمان كرد، لەگەلمان بێتەوە بۆ بنكەی سێی خەرمانان. لە پێش دەركەی بنكە، یەكەم كەس كە بینیمان محەمەد قاسم نژاد بوو. بە رێزەوە، مەرحەبای كردین و رۆشت. لە ناو حەوشەكەدا حەمەی راستیمان بینی و رووی كردە حاجی و وتی: چییە برا بۆ وازمان لێ ناهێنی؟ كاك حاجی وتی: من نەئەهاتمەوە، بەڵام ئەمانە ئەڵێن كەسەكە ئەناسن. حەمەی راستی رووی كردە مەنسوور و وتی: تۆ كێ ئەناسی. مەنسوور وتی: من كەس ناناسم، ئەرسەلان ئەیناسێ. حەمەی راستی روو كردە من و بە نەختێك تووڕەییەوە وتی: تۆ چی ئەزانی. چەند كەسێكمان. لەدەور كۆ بووبوونەوەو بە سەرنجەوە گوێیان. ئەدا. من وتم: لێرە نابێت، با بڕۆینە ژوورەوە. ئێمەیان بردە ژوورە. ئەو چەند كەسەش هاتن. من سەرلە نوێ، هەموو رووداوەكەم گێڕایەوە. حەمەی راستی وتی: تۆ ماڵ (ف م) ئەزانی: من وتم: ئەزانم. دوو پێشمەرگەیان لەگەل ناردم.
 مانگی گوڵان بوو و ئاسمان ساف و بێ گەرد و ناو شار پڕ بووبوو، لە بۆنی بەهار. نزیكەو نیوەڕۆ بوو. ماڵی (ف م) لە گەڕەكی تەكییە هەڵكەوتبوو. لە كۆڵانەكەی تەنیشت ماڵ نەسیمیەكانەوە، سەركەوتین. ماڵەكەیان لەتەنیشت كانەبەردێك و لەسەر تەپۆڵكەیەك بوو. پشتی لە زرێبار و رووی لە رێگاكەی مووسك كردبوو. دوو كەسەكە نەهاتنە پێشەوە و لە تەنیشت داربەرقێكدا راوەستان. زەنگی دەركەكەم لێ دا. ماوەیەكی خایاند، هەتا دەركەكەیان كردەوە. دایكی (ف م) بوو. سەری بە دەستماڵێك پێچابوو. هەواڵی( ف م) پرسی. دایكی بە رووخۆشییەوە خوڵكی كردم و وتی: وەڵا كوڕەكەم، (ف م)  هێشتا، لە خەو هەڵنەستاوە. رۆشتمە ناو حەوشەكەیان. حەوشەیەكی پان و پۆڕ بوو. خانووەكەیان بەرز و  دوو نهۆم بوو. زیاتر وەكوو خانووی دێهات دەردەكەوت. هەیوانێك و بانیجەیەكی درێژ لە پێش دیوەكاندا ساز كرا بوو،.بە ریز پەنج كیلوی تەنەكەی پڕلە گوڵی جۆر بە جۆر، رازابووەوە. (ف م) تازە لە خەو هەستابوو. پیژامەیەكی لە پێدابوو. لە پلەكانەكانەوە هاتە خوارەوە و هات بۆ لای من. پاش چاك و چلۆنییەكی سارد. وتم: لە بنكەی سێی خەرمانانەوە، تۆیان ئەوێت. تۆزێك وەستا و پاشان وتی: منیان بۆ چییە؟ پێم وت: كە من ئاگادار نییم. وتی باشە، تۆ بڕۆ، پاشان من خۆم دێم. من وتم; نابێ، وتوویانە، ئەبێ هەر ئێستا بێت. ئەو هێشتا نەیدەزانی كە كەسانێكی دیكەش لە دەرەوە چاوڕێ دەكەن. وتی باشە راوەستە ئێستا دێم. بە پلەكانەكاندا سەر كەوت، پاش نەختێك هاتە دەرەوە و بە پلەكانێیەكی داریدا، سەركەوت و رۆشتە سەر بانیجێكی دیكە و دیسان رۆشتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەكەم جار لێی هاتبووە دەرەوە و خۆی گۆڕی بوو و كراس و پانتۆڵێكی لە پێ كردبوو. من ماڵئاوایم لە دایكی كرد. لە پێش دەركە چاوی بە دووكەسەكەی دیكە كەوت. بە تووڕەییەوە وتی:  ئیتر ئەمانە كێن. وتم: من تەنیا ماڵەكەی ئێوەم پێیان نیشان داوە وئاگادار نییم. دەی ویست لەو دوو كەسە شتێك هەڵكڕێنی، بەڵام. ئەوانیش نەچوونە ژێر بار و هیچیان نەوت. كاتێك گەشتینە بەر دەركەی بنكەی سێی خەرمانان، حەمەی راستی، لە حەوشەكەوە بانگی كرد: هۆ كوڕ مەلا هەژدە، پووڵەكەت هاوردەسۆ. (ف م) گەشتە نزیكی و وتی: خاس قسە بكە كا حەمە. حەمەی راستی، زلەیەكی تێ سرواند. (ف م) بە تووڕەییەوە وتی: لە بەر ئێحترامی كاكەم هیچم نەوت، جارێكی تر دەست بەرزۆ كەی خۆت ئەزانی. حەمەی راستی،، وتی; لەوچە لەوچ و دەستی برد و قۆڵی كێشا و ئێمەش بە دوایدا رۆشتینە یەكێك لە ژوورەكان. ژوورەكە شێدار و نزم و تاریك بوو. دیوەكە بەو رۆژی رووناكە، بەزەبری گڵۆپێك رووناكی تێخزابوو. مامە جەبباریش لەوێ بوو. سڵاوم كرد، بەڵام زۆر سەرنجی نەدامێ. لەگەل حەمەی راستی بەربوونە (ف م) و هەتا توانیان كوشتان. بەدەم لێدانەكەشەوە دایك و باوكی مەلا هەژدەیان ئەم دیو و ئەو دیو دەكرد. ئەوان هەر داوای پارەكەیان دەكرد و ئەویش لە كاتێكدا هەوڵی دەدا لە خۆی پارێزگاری بكات، دەی وت: جوێنی دەدا و دەی وت; پارەی چیی؟ لێدان فایدەی نەبوو و نەچوو ژێربار. ناو ژوورەكە بە تەوای شێوا بوو. كورسییەكانیان راست كردەوە. لەو كاتەدا حەمەی ئاسایش هاتە ژوورە. حەمەی راستی و مامە جەببار هەروا تووڕە بوون و داوایان دەكرد پارەكە بگەڕێنێتەوە. حەمەی ئاسایش وتی: برا شلۆقی مەكەن، بە بڕوای من، (ف م) كارێكی باشی كردووە. (ف م) پەڕییە ناو قسەكەی و وتی: كاری چی، تۆش لە خۆتۆ قسە ئەكەی. حەمەی ئاسایش وتی: من ئەزانم ئەو كابرایە جاشە. باشی ئەناسم. ئافەرەم كارێكی باشت كردووە. بەڵام ئەبێ پووڵەكە بگەڕێنیتەوە بۆ شۆڕش. فەزاكە تۆزێك هێور بووەوە. (ف م) وتی: ئێوە بۆ هەر یەخەی منتان گرتووە. رووی كردە من و وتی: ئەرسەلان و مەحییە وكەسێكی تریش رۆشتوونەتە ئەو ماڵە، ئەی بۆ لەوان ناپرسن. مامە جەببار وتی: وا ئەزانی ئەرسەلان چوون برازامە، لێی خۆش ئەبم. زلەیەكی لە من دا. حەمەی راستی بە چاو حەمەی ئاسایش و مامە جەبباری بانگ كردە دەرەوە. (ف م) رووی كردە من و وتی: چاوڕوانی ئەوەم لێ نە ئەكردی. پاش نەختێك، مامە جەببار گەڕایەوە وتی: ئەرسەلان، تۆ بێرە دەرۆ. (ف م) بە تەنیا لە ژوورەكەدا مایەوە. ئەوان سێ قۆڵی بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشەیە پلانێكیان داڕشتبوو. ناردبوویان بە دوای مەحییەدا و بڕیار بوو، ئێمە سێ كەسی لە ماڵی باوای مندا زیندانی بكەن. پلانەكەیان وا بوو كە گوایی، لەوێ هەوڵ بدەین، قەناعەت بە (ف م) بهێنین، بچێتە ژێر باری كارەكە و هەر بەو متۆدەی كە گوایە، ئەو كابرایە جاشە و كارێكی باشمان كردووە، رۆشتووین و ئەو ماڵەمان پشكنیوە، بەڵام دەبێ، پارەكە بگەڕێنێتەوە بۆ شۆڕش. من. و مەحییە و  (ف م)یان لە یەكێك لە دیوەكانی ماڵی باوامدا بەند كرد و بەو شێوەیە یەكەم جار لە تەمەنی پازدە ساڵیمدا زیندانم تەجروبە كرد. دەركەیان. لەسەر ئێمە دا خست. هەرچەند لە كاتی داخستنی دەركەكەدا مامە جەببار، بە چاو تێی گەیاندم كە بە جیدی نەگرم، بەڵام هەستێكی خراپ، دەستی بەسەر رۆحم دا كێشابوو. ئەو ژوورەی كەئێمەی تێدا بەند كرابووین. بەشی كۆنی ئەو ماڵە بوو كە پێشتر باواو و دایە و میمكە عەینای تێدا دەژیان. ژوورێكی بچووك بوو، كە پاش ئەوەی لە حەوشەكەوە بە چەند پلە، دەڕۆشتییە ناو هەیوانێكەوە، راسەوخۆ دەركەی ئەو ژوورەت بە روودا دەكرایەوە. ئەو كاتەی كە من نەمدەزانی، لە بەر چ هۆیەك، باواو دایە لە یەك ژووردا نەدەنووستن. شەوگەلێكی زۆر من و چیمەن ئامۆزام بەلای دایەوە دەخەوتین. ئەوكاتانە دایە زۆر نەخۆش بوو. هەرچەند، بە باشی  بۆم روون نەبووەوە، كە بۆ دایە و باوا لە دوو ژووری جیاوازدا ئەنووستن. بۆم پرسیا بوو، لە كاتێك دا باوا ساق و سەلیم بوو، بۆ دەبوو، ئێمە بەلای دایەوە بخەوین؟ هەرچەند ئێستاشی لە گەل بێت، هۆی ئەو كارەم بۆ روون نە بووەوە، تەنیا ئەوە نەبێت كە دەیان وت; باوا تەڵاقی كەوتووە!
ئێمە سێ قۆلی لەو دیوە بچووكەدا، هەندێ باسمان كرد. بەڵام مەحییە باسەكەی بە لاڕێدا برد و دەستی كرد، بە فەلسەفە بافی و هیچمان دەسگیر نەبوو. (ف م) ئەی وت; ئەمە پیلانی كۆمەڵەیەو تۆڵە لە من ئەكەنەوە. بەند بوەنی ئێمە تا نزیك ئێوارەی خایاند. لەو ماڵەدا بێ نان و ئاو راگیرابووین و دەنگی كەس نەدەهات. نزیك ئێوارە هاتن و ئێمەیان هێنا دەرێ. جگە لە مامە جەببار، چەند كەسی دیكەشیان لە گەل خۆ هێنابوو. لەویەوە، ئێمەیان برد بۆ بنكەی یازدەی گوڵان. بنكەی یازدەی گوڵان بە پێچەوانەی بنكەی سێی خەرمانان، خانووەیەكی رازاوەی زۆر خۆش بوو. لە خواروی فەرمانداری كۆن و لە تەنیشت ماڵی شەهید تەهموورس هەڵكەوتبوو. وابزانم ماڵی شاتر نەبی تەقەڕوبی بوو. بنكەی سێی خەرمانان،  زیاتر لە كۆمەڵە نزیك بوو و بنكەی یازدەی گوڵان لە فیدائییەكان. لە داڵانێكەوە رۆشتینە ژوورەوە. پاشان بە چەند پلەیەك رۆشتینە ناو حەوشەیەك كە بە بەراوەرد لە گەل شەقامەكە، قووڵتر بوو. حەوشەكەی گەورە و موزاییك كاری بوو. لە ناوەڕاستی حەوشەكەدا، لە حەوزێكی پڕ لە ئاوی دەستكردی جوان، حەوزە فوارەیەك ئاوەكەی بەرز دەكردەوەو، باشان بە سەر شان و ملی خویدا دەپژاند. بە چەند پلەدا، سەر كەوتین و رۆشتینە هەیوانێك كە لێوارەكانی بە گوڵدانی جوان رازابووەوە. بۆنی تێری بەهار و شەمعدانی ئەوناوەی پڕ كردبوو. لە گۆشەیەیەكی هەیوانەكەدا، چەند كچێكی، رازاوەو جوان راوەستابوون و دوور بوون لەو دەنگ و هەرایە. زۆربەیانم دەناسی، بە تایبەت مامونیر و زارا، خوشكەكانی شەهید تەهموورسم ناسییەوە.
ئێمەیان بردە یەكێك لە ژوورەكان. پڕ بوو لە گەنج و لاوی چەكدار و بێ چەك، كە تەمەنییان لە نێوان پازدە و بیست و بیست  و پێنج ساڵ دا بوو. لە ناویاندا تەیموور موستەفا سوڵتانی و فەرهاد تەقەڕوبی و تەیموور و بیژەن ناسریم، لەنزیكەوە دەناسی. لێپرسینەوە لە (ف م) دەستی پێكردەوە. لەوێش لەگەل پێداگری لەسەر ئەوەی كە ئەو كابرایە جاشە و كارێكی باشتان كردووە، داوا دەكرا كە دەبێ پارەكە بگەڕێتەوە بۆ شۆڕش! یەكێك، كە لە بیرم نەماوە كێ بوو، دەستی بە گیرفان  (ف م) كرد. پاكەتێك جگەرەی وینستۆن و شقارتەیەك و دەفتەرێكی دەرهێنا. بە تانەوە وتی: كوڕ هەژدە گوو، وینستۆنیش دەكێشێ! دەفتەرەكەی كردەوە و و دەستی راوەشاند و وتی: بەبە، رۆژژمێر فیدایشی پێیە! بە ناوی فیدایی، تەیموور موستەفا سوڵتانی رۆژژمێرەكەی لە دەست سەند و بە بینینی ئارمەكەی فیدایی، بە كەڵانشینكۆفەكەی هێڕشی بردە سەر(ف م). تەیموور و بیژەن ناسری(ف م)یان تەختی زەوییەكە كردو تەیموور موستەفا سوڵتانی، بە قونداخی كەڵەشینكۆفەكەی تێی بەر بوو. تیموور ئازار بە پشتی گەیشت و كەوتە سەر زەوییەكە. بەرزیان كردەوە و لە سەر سەندەڵییەك دانیشت. بەڵام هەموو گیانی پڕ بووبوو، لە تووڕەیی. ئەو تازە لە رووداوی كەوتنە خوارەوەی ئەو می نی بووسەی كە لە رێگای یارمەتی گەیاندن بۆ گەلی توركمەن سەحرا، كەوتبووە خوارەوە، گیانی  بەدەر بردبوو. لەو رووداوە دا نۆ كەس گیانیان لە دەس دابوو.
(ف م) بە پێچەوانەی برا و بنەماڵەكەی، كە لە كۆمەڵە نزیك بوون، بووبوو بە لایەنگیری فیدایی. هەربەم هۆیەوە بوو، كە بنكەی سێی خەرمانان كە زۆربەیان كۆمەڵە بوون، رەزایەتیان دا كە بدرێت بە بنكەی یازدەی گوڵان. لە بنكەی یازدەی گوڵانیش، سەرەتا هەر ئەو رەفتارە لە گەل (ف م)دا كرا، كە لە بنكەی سێی خەرماناندا، لە گەلی كرابوو. ئەوانیش كەوتنە  مشتوومڕی ئەوەی كە چۆن بتوانن ئیقراری لێ وەربگرن. بڕیاری كۆبوونەوە درا و چوونە ناو یەكێكی دیكە لە ژوورەكان. منیش لە گەلیان رۆشتمە ناو ژوورەكە. لە منیان ویست، وەكوو خۆی، ئەو رووداوە، چۆن روویدابوو، بگێڕمەوە. هەستم كرد، ئەوان بەشێكی زۆر لەوە  نیگەران بوون كە، (ف م) بەو رۆژژمێرەی كە لە باخەڵی دەرهێنرا، وەك فیدایی بناسرێت. ئەو رۆژانە كۆمەڵە و فیدایی وەكوو گەنج بە دوای خاڵی لاوازی یەكتردا دەگەڕان. لە بەیانییەوە كە رۆشتبووم، حەمام بكەم، هەتا ئەوكاتە كە نزیك بە ئێوارەبوو، بۆ چوارەم جار بوو كە خەریكی گێڕانەوەی رووداوەكەی رۆژی پێشتر بووم. لە ناكاو لە ناو حەوشەكەدا بوو بە هات وهاوار و شەق و هۆڕی، دەنگی گێلەن گێدەنی تفنگ، دەهاتە بەر گوێ. هەموو بە جارێك بە پەلە، لە ژوورەكە هاتنە دەرەوە. لە ناوەڕاستی حەوشەكەدا چەند كەس، كەسێكی چەكداریان گرتبوو، كە هاواری ئەكرد: وازم لێ بیرن، بە خوا ئەو توخمە زۆڵە ئەكوژم. تەیموور و كوڕەكانی دیكە، رۆشتنە ناو حەوشەكە. كابراكەیان هێنایە سەر و بردیانە ئەو ژوورەی كە بڕیار بوو من بۆ جاری چوارەم رووداوەكەی ماڵ كاك حاجی بگێڕمەوە. برا گەورەكەی (ف م) ئێعترافی بەوە كرد، كە شەوی رابردوو، (ف م)، بڕی دە هەزار تمەنی بەو داوە و وتوویەتی; ئەمە پارەی ئەو ژ - س /ییەیە، كە لە كاتی دەست بەسەرا گرتنی، دیژبانی پادگان دەستی كەوتووە و فرۆشتوویەتی. لە راستی دا (ف م) چەكەكەی بە فیدایی دا بوو و تەیموور ئاگاداری ئەوە بوو، بەڵام لە ترسی بنەماڵەكەی و لەوانە برا گەورەكەی، وتبووی كە چەكەكەی فرۆشتووە. بۆ هێنانی پارەی چەكەكە، دەس بەدەستی كردبوو. (ف م)یان لە گەل دوو پێشمەرگە ناردەوە بۆ ماڵەوە، هەتا باقی پارەكە بهێنێتەوە. (ف م) كاتێك لە پلەكانەكان دەڕۆشتە خوارەوە، بە تووڕەیی و غەزەبەوە سەیرێكی منی كرد. ناردیان كاك حاجییان هێنا بۆ بنكەی یازدەی گوڵان. لە بەیانییەوە كە لەیەك دابڕابووین، نە كاك حاجی و نە مەنسوورم  نە دیبووەوە. پارەكەیان ژمارد، بەو دەهەزاری كە لە لای براكەی بوو، نەود هەزار تمەنیان تەحویل كاك حاجی دا و پێیان ژمارد. پارە دزراوەكە سەد هەزار تمەن بوو، كە (ف م) بەیەك شەو لەگەل حیشمەت حاجی رەشی و هاوڕێكانی تریدا، حەپەرووتیان كردبوو. پاش ئەو دووداوە، (ف م) وەك زیندانی ماوەیەك لەگەل ئەو سەرباز و دەرەجەدارانەی لە هێڕشێكی هاوئاهەنگ و كوتووپڕدا، لە لایەن هێزە سیاسییەكانەوە گیرابوون و بە گۆمەڵ لە ناوچەی سێف دا بەند بوون، مایەوە و ... هتد. كاك حاجی ئەی ویست دەهەزار تمەن لە پارەكە بە من بدات، كە من نەرۆشتمە ژێر بار. ناوچاوانی كاك حاجی كرا بووەوە و بزە نیشتبووە سەر لێوی و رازی بوو. دواجار لە نزیكەوە ئەو پیاوە سووركار و رۆح سووك و گەنجەم بیینی، كە جیاوازی زۆر بوو; لە گەل ئەو حاجییە پیرەی كە دادە پرشنگیان پێدابوو. جگە لە خزمەتگوزارییەكانی لە بەشی بێهۆشی خەستەخانەدا، دواتر ئێمە بووینە دۆستێكی نزیك و ئامەشوی كتێب فرۆشییەكەی ئێمە دەكرد و كتێب خوێنێكی باشی لێ دەرچووبوو. زۆری  حەزلە كتێبەكانی زەبیحوڵای مەنسووری و رۆمانگەلێكی لەوبابەتەبوو و بە تامەزرۆیەوە باسی كاراكتر و كەساییەتی چیرۆكەكان دەكرد.  یادی بەڕێز بێت و رۆحی شاد بێت.

هیچ نظری موجود نیست: