کاک لوقمان! سه‌ره‌تا ده‌ستت خۆش و ماندوو نه‌بیت. وتاره‌که‌ت له جێگای خۆیدا بوو و ئاماژه‌ی به به‌شێکی گرنگ له بنه‌ما فیکرییه‌کانی ره‌وتی ئیسلامی سیاسی که به‌رێز حه‌سه‌ن ئه‌مینی ته‌نیا نوێنه‌ری به‌شێک له‌و ره‌وته‌یه و وه‌ک ده‌بینین؛ به‌شه‌کانی تری ناو ئه‌و ره‌وته له‌م باره‌وه یان هه‌ر له بنه‌ڕه‌تڕا بێده‌نگن و یان هه‌ڵیان کوتاوه‌ته سه‌ری و به‌لاده‌ری ده‌زانن. له‌م لاشه‌وه به‌داخه‌وه وه‌ک پێویست تا ئێستا سه‌رنج نه‌دراوه‌ته خه‌ساره‌کانی ته‌شه‌نه و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ره‌وته له ناو کۆمه‌ڵگای کوردستاندا. دیمانه‌که‌ی کاک دلشاد به‌شێکی هه‌لگریی باریی مێژوویی بوو که به پێی ته‌مه‌ن ماڤی خۆته له‌وباره‌وه شتێکت بۆ وتن پێ نه‌بێت. به‌ڵام به‌رێز ئه‌مینی به به‌رچاوی مێژوویه‌کی تا سه‌ر ئێسقان برینداره‌وه درۆ ده‌کات. بمبوورن ئه‌گه‌ر ناچارم، وشه‌ی درۆ بکار بهێنم. سه‌باره‌ت به رووداوی 23 /ی پووشپەڕی مه‌ریوان ده‌ڵێت؛ که مه‌کته‌ب قورئان هیچ ده‌خاڵه‌تێکی له دامه‌زراندنی سپای پاسداران که ئه‌و رووداوه تاڵه‌ی لێکه‌وته‌وه؛ نه‌بووه و خه‌ڵکی سیویل له‌و رووداوه‌دا نه‌کوژراون ... و تیرۆر و کوشتنی نه‌یارانی خۆیان و هاوکاری راسته‌وخۆ له گه‌ل خه‌لخاڵی به‌تایبه‌ت له رووداوی ئێعدام کردنی نۆ که‌س له مه‌ریواندا که یه‌کیان مامی من بووه و دروست کردنی تاقمی چوماقدار و خه‌ڵک خستنه ناو حه‌وزی مزگه‌وتی جامێعه‌ی سنه و نارنجۆک بۆ مالێ خه‌ڵک هاویشتن ومانگرتن له به‌ردرکه‌ی مه‌جلسی خوبره‌گان بۆ گوشارخستنه سه‌ر حاکمیه‌ت که هه‌رچی زووتر هێڕش بکاته سه‌ر کوردستان و ده‌یان و سه‌دان کرده‌وه‌ی تیروریستی تر که ده‌کرێت به به‌ڵگه‌وه بسه‌لمێنرێت، کرده‌وه‌ی ئه‌وان له‌و ماوه که‌مه‌ی سه‌ره‌تای شۆڕشدا نه‌بووه. پێم وایه هێچ کرده‌وه‌یه‌ک ناتوانێت له‌خۆیه‌وه رووبدات مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی فیکرێکی له پشته‌وه بێت. باسکردن له بنه‌ما فیکرییه‌کانی ئه‌م ره‌وته له پاڵ گرنگیدان به کێشه‌کانی تری کۆمه‌ڵگادا پێویسته. بۆیه له پال ده‌ستخۆشی دووباره‌م هه‌ر لێره‌دا ئه‌مه‌وێت ره‌خنه‌یه‌کیش له تۆ‌و کاک دلشاد بگرم که وه‌ک به‌شێکی به‌رچاو له نووسه‌ران، ته‌نیا له ده‌روازه‌ی کێشه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانه‌وه ره‌خنه‌و پرسیاره‌کانتان ئاراسته کردووه. ناکۆکی ئه‌م ره‌وته ته‌نیا نه‌ته‌وه نییه، به‌ڵکوو دژایه‌تی له گه‌ل دونیای موته‌مه‌دن و مودێرندایه. گریمان کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد به قه‌رزکردن له ئایه‌ته‌کانی قورئان، ئه‌ویش پاش ئه‌و هه‌موو پاشقوللێدانه، به‌م ره‌وته چاره‌سه‌ر کرا، که به دڵنیاییه‌وه ناکرێت. ئه‌ی چی له کێشه‌کانی تر، بۆ نمونه برانبه‌ری ژن و پیاو ده‌که‌ن که ناوبردنی لای ئه‌وان حوکمی سه‌ره. به دروستی باست له که‌مینه ئاینییه‌کانی کوردستان کردبوو، دوژمنایه‌تی و ئازاردانی جوله‌که و به‌هاییه‌کانی کوردستان، هاندانی خه‌ڵک بۆ ته‌حریمی په‌یره‌وانی ئه‌م دوو که‌مینه ئاینییه که زۆرتر له شاره باشوورییه‌کانی کوردستاندا، به حورمه‌ته‌وه ئه‌ژیان لای که‌س شاراوه نییه. به تایبه‌ت پاش سوخنڕانییه‌که‌ی ئه‌حمه‌د موفتی زاده له مزگه‌وتی دارسێرانی مه‌ریواندا وه‌ک رابه‌رو کاریزمای ره‌وتی ئیسلامی سیاسی له کوردستاندا، له سالی 1356 ساڵێک پێش شۆڕش و له به‌ره‌به‌ره‌ی دروستکردنی مه‌کته‌ب قورئاندا، که به هه‌ڕه‌شه و بکارهێنانی قیزه‌ونترین وشه ده‌ستی پێ‌کرد،( نه‌واری سوخه‌نڕانییه‌که له سایته‌کانی سه‌ر به‌م ره‌وته هه‌یه و پێم وانییه به‌ڕێز ئه‌مینی بیه‌وێت حاشای لێبکات) و پاشان هه‌ر ئه‌و رۆژه ژماره‌یه‌ک خه‌ڵکی ساویلکه‌یان هاندا، هه‌تا هێڕش بکه‌نه سه‌ر به‌ڕێز خالید مه‌نسووری و ده‌یانویست ده‌رمانخانه‌که‌ی ئاور تێبه‌ربده‌ن. داستانی نه‌خۆش که‌وتنی حه‌مه ژیان و قه‌سه‌مه‌کانی موفتی زاده که بیلاهی به مه‌رگی تاقانه‌که‌ی رازی بووه و حازر نه‌بووه ده‌رمان له جووله‌که‌که‌ی ناو گوزه‌ری سنه بکڕێت، شتێک نییه که شاراوه بێت. بۆیه پێویسته به جیدی فایلێک بۆ ره‌وتی ئیسلامی سیاسی به هه‌موو باڵه‌کانییه‌وه بکرێته‌وه، فایلێک که ته‌نیا نه‌ته‌وه ئه‌ساسی کێشه‌کان نه‌بێت، به‌ڵکوو بناغه‌ی ناکۆکییه‌کانی ئه‌م ره‌وته، له گه‌ل مه‌نشووری جیهانی ماڤه‌کانی مرۆڤ، ئه‌ساس و بنه‌مای هه‌رچه‌شنه دیالۆگ و قسه گۆڕینه‌وه‌یه‌ک بێت؛ هه‌تا له داهاتودا به ئاسانی نه‌توانرێت جارێکی دیکه خاک بکرێته چاوی خه‌ڵکه‌وه. به سپاسی دووباره‌م.
سه‌شنبه، اسفند ۲۰، ۱۳۸۷
اشتراک در:
نظرات پیام (Atom)
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر